Apora Logo

فشارەکانی ئەمریکا بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە؛ هێشتا خاڵی سەرەکی مشتومڕەکان ماوە

فشارەکانی ئەمریکا بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە؛ هێشتا خاڵی سەرەکی مشتومڕەکان ماوە

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات، فشارەکانی واشنتۆن بۆ سەر تەلئەبیب بەردەوامە ئەوەش بە ئامانجی کۆتایی پێهێنانی شەڕی غەززە.

30/6/2025

ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و دیپلۆماتکارێکی عەرەبییەوە بڵاویکردەوە، ڕۆن دێرمەر وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل لە میانی کۆبوونەوەکانی ڕۆژی دووشەممەدا لە واشنتۆن ڕووبەڕووی فشارەکانی ئیدارەی ترەمپ دەبێتەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە ئەنجام بدات.


ناوبژیوانەکان دەیانەوێت ئیسرائیل شاندێک بنێرێتە قاهیرە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایانەی کە ماون لەسەر چەند پرسێک، بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل خۆی لەو کارە بەدوور گرتووە و پێی باشترە دێرمێر ڕەوانەی واشنتۆن بکات وەک هەوڵێک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا پێش ئەوەی خولێکی دیکەی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە میسر ئەنجام بدات، بەپێی ئەو دوو سەرچاوەیە.


خاڵی سەرەکی مشتومڕ، بەپێی ئەو دوو سەرچاوەیە، داواکاری حەماس بۆ کۆتاییهێنان بە هەمیشەیی شەڕەکە دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا ئیسرائیل بەدوای ئاگربەستێکی کاتیدا دەگەڕێت کە بژاردەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بە کراوەیی بهێڵێتەوە.


بزووتنەوەی حەماس بە پاڵپشتی نێوەندگرانی عەرەبیش داوای گەڕانەوە بۆ میکانیزمە کۆنەکانی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان دەکات، یان دانانی سیستمێکی نوێ بۆ جێگرتنەوەی سیستمی ئێستا کە لەلایەن دەزگای مرۆیی غەززە بەڕێوەدەبرێت، کە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت.


ئیسرائیل حەماس تۆمەتبار دەکات بە لادانی هاوکارییەکان، تۆمەتێک کە بزووتنەوەکە لە مێژە ڕەتیدەکاتەوە.


سەدان فەلەستینی لە کاتی وەرگرتنی یارمەتییە مرۆییەکان بەهۆی تەقەی سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون، ئەمەش میکانیزمێکە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە "تەڵەی مردن" وەسفیان کردووە.


ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاویکردەوە، نێوەندگرانی عەرەب هیوایان خواستبوو ئیسرائیل ڕازی بێت بە ناردنی شاندێک بۆ قاهیرە لە میانی کۆبوونەوەی باڵای کابینەی ئیسرائیل کە درەنگانی شەوی یەکشەممە بەڕێوەچوو، بەڵام ئەو دانیشتنە بەبێ هیچ بڕیارێک کۆتایی هات.


دیپلۆماتکارە عەرەبەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "نێوەندگران فشاریان دەخستە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی لە 13ی حوزەیران شاندێک بنێرێتە دەوحە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازێک بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایانەی کە میسر و قەتەر ئامادەیان کردبوو، کە ئامانج لێی یەکخستنی دوایین ئۆفەری ستیڤ ویتکۆف ، نێردەی تایبەتی ئەمەریکایە لەگەڵ وەڵامی حەماس".


دواتر ئیسرائیل ناوبژیوانانی ئاگادار کردەوە کە دانوستانەکان لەسەر غەززە بەشێوەیەکی کاتی ڕادەگیرێن، بەو پێیەی "تەرکیزەکە بەتەواوەتی گۆڕاوە بۆ بێلایەنکردنی هەڕەشە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران"، بە وتەی دیپلۆماتکارەکە.


دوای ئەوەی لە 22ی حوزەیراندا ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ئەنجامدرا، ترەمپ خواستی خۆی بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە بە ڕوونی بۆ نەتانیاهۆ ڕاگەیاند، بەپێی ئەو دوو سەرچاوەیە.

;