ئەنجوومەنی باڵای دادوەری خانەنشینبوونی سەرۆکی باڵای دادگای فیدراڵی پەسەند کرد و دادوەرێکی نوێ بۆ شوێنەکەی کاندید کرا.
یەکشەممە، 29-06-2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا، پەسەندکردنی داواکاریی خانەنشینبوونی دادوەر جاسم عەبوود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە، ڕاگەیاند.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن، جێگری سەرۆکی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی و ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بۆ شوێنی دادوەر جاسم عەبوود کاندید کراوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق باسی لەوەش کردووە، د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق ئاگادار کراوەتەوە تا مەرسوومێکی کۆماری بۆ دەستنیشانکردنی دادوەر مونزەر ئیبراهیم حوسێن، وەک سەرۆکی نوێی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، دەربکات.
کاندیدی پۆستی سەرۆکی نوێی دادگای فیدراڵی کێیە؟
- ناوی سییانی، مونزر ئیبراهیم حوسێنە.
- لە ساڵی 1963 لە بەغدا لە دایک بووە.
- ساڵی 1989 کۆلێژی یاسای لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە.
- ساڵی 1998 پەیمانگای دادوەری لە بەغدا تەواو کردووە.
- لە ساڵی 2018ـەوە لە دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی کار دەکات.
- ئێستا سێ پۆستی هەیە: جێگری سەرۆکی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی، سەرۆکی دەستەی تاوانەکان لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق.