دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە كە باس لە پێدانی 30 ملیار دۆلار بە مەبەستی پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی ئاشتیخوازانە بە مەرجی وازهێنانی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم دەكرد.
ترەمپ رایگەیاندووە، هەر میدیایەك كە باس لەوە دەكەن ئیدارەكەی بەنیازە 30 ملیار دۆلار بە ئێران ببەخشێت بە مەبەستی پەرەپێدانی بنكەی ئەتۆمی مەدەنی درۆ دەكەن و هەرگیز لە ئیدارەكەیدا گوێی لەو جۆرە بیرۆكە بێمانایە نەبووە، ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو دەنگۆیە درۆیەكی تری میدیا درۆزنەكانە وەك ئاماژەیەك بۆ میدیا نەیارەكانی.
پێشتر كەناڵی CNN ئەمریكی، لە راپۆرتێكیدا باسی لەوەكردبوو كە لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەو بیرۆكەیە لەلایەن چەند وڵاتیكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریكا تاووتوێ كرابوو و بە تایبەتیش ئەوەخرابووە ڕوو كە 20 بۆ 30 ملیار دۆلار لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە وەك وەبەرهێنان لەبەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران تەرخانبكرێت، بەو مەرجەی كە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بەرنامەیەكی مەدەنی و ئاشتیخوازانە بێت و دوور بێت لە هەموو هەوڵێكی سەربازی.
هەروەها كەناڵی سی ئێن ئێن باسی لەوەشكردبوو، كەمكردنی گەمارۆ ئابوورییەكانی ئێران و گەڕاندنەوەی پارە بلۆك كراوەكانی ئەو وڵاتە و گۆڕینی دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ بەدامەزراوەیەكی مەدەنی كە یۆرانیۆمی تێدا نەپیتیندرێت، یەكێكی تر بووە لەو پێشنیارانەی كە ستیڤن ویتكۆڤ و نوێنەرانی وڵاتانی كەنداو باسیان لێوە كردووە.