نورى مالیکى، ئەمیندارى گشتیى حیزبى دەعوە، هۆشدارى لە گۆڕانکاریى و ئاڵنگارییەکانى ناوچەکە دەدات و دەڵێت عێراق لێیان پارێزراو نابێت.
نورى مالیکى، لە وتارێکدا بەبۆنەى یادى عاشورا، گوتى، "لە ژێر رۆشنایی ئەو گۆڕانکاری و ئاڵنگارییە مەترسیدارەی ناوچەکە بەخۆوەبینیویەتى و شەڕەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززەوە تاوەکو لوبنان و پاشان سووریا و دواجاریش بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران درێژبووەتەوە و عێراقیش پارێزراو نابێت".
نورى مالیکى، کە بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجوومەنى نوێنەران سەرۆکایەتیى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا دەکات، جەختیلەوەکردووەتەوە، "دەبێت عێراق دەوڵەتێکی بەهێز بێت، خاوەنی هەموو ئامرازەکانی بەرگری لە سەروەری و گەلەکەی و پیرۆزییەکانی بێت".
دەشڵێت، "جیهانی دەوروبەرمان خاوەنی هەموو هۆکارەکانی بەهێزبوونە، دەبێت عێراقیش ئاستى خۆى بەرزبکاتەوە، نەک لە پێناو شەڕدا، وەکو سەردەمی بەعس، بەڵکو بۆ پاراستنی سەروەری و مافەکانى و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق".
نورى مالیکى، لە نێوان ساڵانى 2006 بۆ 2014 سەرۆکوەزیرانى عێراق بوو، بە یەکێک لە بەهێزترین سیاسییەکانى ئێستاى عێراق دادەنرێت، لە جەنگى 12 رۆژەى نێوان ئیسرائیل و ئێراندا، لە وتارێکدا پشتیوانى خۆى بۆ تاران دەربڕى و داواى بەرگرى لە کۆمارى ئیسلامى ئێران کرد.