ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەستبەرداری مافی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم نابێت.
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵوێزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوتنێک سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بکرێت، ڕەنگە ئێران کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بگوازێتەوە بۆ وڵاتێکی دیکە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەلمۆنیتۆر، ئیرەوانی ڕوونی کردۆتەوە کە گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی ٢٠٪ و ٦٠٪ بۆ تاران هێڵی سوور نییە، ئاماژەی بەوەشکرد، بەدیل ئەوەیە کە ئەم عەمبارکردنە لە چوارچێوەی ئێراندا بمێنێتەوە لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا.
بەڵام ئێروانی جەختی لەوە کردەوە کە ئێران دەستبەرداری مافی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم نابێت لە ناوخۆدا، ئەمەش مەرجێک کە ئەمریکا بە توندی ڕەتیدەکاتەوە.
هەروەها هەرچەشنە کۆت و بەندێک لەبەرنامەی موشەکی بالیستیکی ئێرانی بەدوور گرت و جەختی کرد کە هەر ڕێککەوتننامەیەکی نوێ لە نێوان مەرجەکانی دیکەدا گرێدراوی هەڵگرتنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر وڵاتەکەی دەبێت.
وتەکانی ناوبراو چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارەی هەینی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە کە ئێران لە ڕووی مەبدەئییەوە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کرد کە قسەکانی کەم بکاتەوە.
عەراقچی وتی: ئەگەر سەرۆک ترامپ جدی بێت لە گەیشتن بە ڕێککەوتن، دەبێت دەستبەرداری قسە سووکایەتی و قبوڵنەکراوەکانی بەرامبەر خامنەیی بێت و واز لە سوکایەتیکردن بە ملیۆنان شوێنکەوتە دڵسۆزەکانی بهێنێت. "نیازپاکی نیازپاکی بەرهەم دەهێنێت ، ڕێزگرتنیش ڕێز لەخۆدەگرێت."
ترامپ لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە دانوستانە نوێیەکان لەگەڵ ئێران "هەفتەی داهاتوو" ئەنجام دەدرێن، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی زیادە بخاتەڕوو. خولەکانی پێشووی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران نەیانتوانیوە بگەنە ڕێککەوتن.