سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان دەست دەکەن بە ڕاگرتنی وەرگرتنی پارەی نەختینەیی بۆ مامەڵە جۆراوجۆرەکان لە سێشەممەی داهاتوو، یەکەمی تەمموزەوە. پارەدان بە تەواوی ئەلیکترۆنی دەبێت، پرۆسەیەک کە لە ئێستاوە لە زۆربەی بەشەکان جێبەجێ دەکرێت. لە سەرەتای مانگی حوزەیران، ساڵح سەلمان، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە "عێراق پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە وەرگرتنی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی، بەجۆرێک کە گشتگیری دارایی لە کەمتر لە سەدا ١٠ لە ساڵی ٢٠١٨-٢٠١٩ بۆ نزیکەی لەسەدا ٤٠ لە ئێستادا بەرزبووەتەوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ژمارەی ئامێرەکانی خاڵی فرۆشتن گەیشتووەتە ٦٠ بۆ ٧٠ هەزار، لەکاتێکدا ژمارەی هەژماری بانکی بۆ ٢٢-٢٣ ملیۆن زیادیکردووە".
ڕوونیشیکردەوە، "لە مانگی تەمموزی 2025ەوە سەرجەم پارەدانەکانی حکومەت بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەدرێن، ئەمەش قەدەغەکردنی پارەدانی نەختینەیی لە ڕێگەی دامودەزگاکانی حکومەتەوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "حکومەت هەڵمەتی هۆشیاری دەستپێکردووە بۆ هاندانی خەڵک بۆ وەرگرتنی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و دوورکەوتنەوە لە کولتوری تەقلیدی لەسەر بنەمای پارە".
ژمارەی دانیشتوانی عێراق نزیکەی ٤٦ ملیۆن کەسە، کە نزیکەی ١٧ ملیۆن کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٥ ساڵەوەیە، ئەمەش دەکاتە نزیکەی ٢٩ ملیۆن کەسی پێگەیشتوو. هاوکات ژمارەی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی نزیکەی ٢٣ ملیۆن کارتە، هەرچەندە ڕەنگە زۆربەی کارتەکان دووبارە بن، واتە خاوەندارێتی هەمان کەسە.
بەڵام بە گشتی ڕێژەی بەشداریکردنی دارایی 40%، واتە 60%ی گەورەساڵان دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی ناگات و هەژماری بانکی یان کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنییان نییە. ئەمەش بەو مانایەیە کە کەمتر لە ١٥ ملیۆن کەس لە کۆی گشتی دانیشتوانی پێگەیشتوو ئەم دەستڕاگەیشتنەیان هەیە، لە کاتێکدا ١٥ ملیۆن کەسی دیکە ئەم توانایەیان نییە. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی پشێوی لە پرۆسەی پارەدانی ئەلیکترۆنیدا ئەگەر بە تەواوی بوەستێنرێت.
ئەم ڕێکارە دەرگایەکی نوێی بۆ قازانج کردۆتەوە، بەو پێیەی بەشێک لە فەرمانبەران یان کرێکارانی نزیک دامودەزگا و فەرمانگە حکومییەکان ئەم کەلێنەیان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی بیکەن بە پیشە، کە کارتی خۆیان دابین دەکەن بۆ ئەوەی بەشێوەی ئەلیکترۆنی ڕسومات بدەن بە هاووڵاتیان لە بەرامبەر پارەی زیاتر لەو بڕە پارەیەی کە بۆ ڕسوماتەکان دراوە. بە واتایەکی تر ڕسومات بۆ پڕۆسەی پارەدان وەردەگیرێت، یان فەرمانگەکانی حکومەت پارەی پێشوەختە وەک غەرامە لە هاوڵاتی وەردەگرن چونکە بە ئەلیکترۆنی پارە نادات، بەبێ ئەوەی پێشوەختە پرسیاری لێبکەن کە ئایا کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی هەیە؟ ئەگەر کرێی خزمەتگوزارییەکی حکومی دیاریکراو ٤٠ هەزار دینار بێت، ئەوا بە هاوڵاتیەکە دەڵێن کە ئەو پارەیە ٤٢ هەزار دینارە، بەبێ ئەوەی هاوڵاتی بزانێت چیرۆکەکە چییە دەربارەی ئەو دوو هەزار دینارە زیادەیە، تەنها بۆ ئەوەی دواتر بۆی دەردەکەوێت کە ئەوە غەرامەیەکی پێشوەختەیە بەهۆی نەدانی پارەی ئەلیکترۆنی، بەو پێیەی فەرمانبەرەکە ئەو دوو هەزار دینارە بۆ خۆی دەبات، ئەویش بە بەکارهێنانی کارتی خۆی پارەی مامەڵە ئەلیکترۆنییەکە دەدات.