Apora Logo

ترەمپ: ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە نزیکە

ترەمپ: ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە نزیکە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە نزیکە و پێشبینی دەکات هەفتەی داهاتوو ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بکرێت.

28/6/2025


ترەمپ لە ئاهەنگێکی کۆشکی سپی بۆ ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی ڕێکەوتنی ئاشتی کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی و ڕواندا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند ، پێی وایە ئاگربەست لە غەززە نزیکە.


ترەمپ لە لێدوانەکانیدا ڕوونیکردەوە، کە "خەڵک لە غەززە دەمرن، و هیچ کەسێک هاوکاریی خەڵکەكە ناکات0


ئاماژەی بەوەشکرد، "دەمەوێت هەموو ململانێکان لە سەرانسەری جیهاندا چارەسەربکەم، تەنانەت ئەگەر پەیوەندیمان بەوانەوە نەبێت".


ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە، سەرۆک ترامپ و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ڕۆن دێرمر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە "لە ماوەی دوو هەفتەدا".


ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هەیۆم" بڵاویکردەوە، ڕێککەوتنەکە ئازادکردنی بارمتەکانی حەماس و گواستنەوەی سەرکردە ماوەکانی بزووتنەوەکە بۆ وڵاتانی دیکە لەخۆدەگرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی یەکلاییکردنەوەی فراوانتر بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

هەروەها بەپێی ڕۆژنامەکە، لە ڕێککەوتنەکەدا ئامادەیی ئیسرائیل بۆ بیرکردنەوە لە چارەسەری داهاتوو بۆ ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی، بە مەرجێک چاکسازی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی فەلەستین ئەنجام بدرێت .


لە بەرامبەردا ئەمریکا دان بە هەندێک سەروەری ئیسرائیلدا دەنێت بەسەر ناوچەکانی کەناری ڕۆژئاوادا ، وەک بەشێک لە لێکتێگەیشتنە فراوانەکان کە بریتین لە فراوانکردنی ڕێککەوتننامەکانی ئەبراهام بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکەش بگرێتەوە، لەوانەیە سوریاش لەخۆ بگرێت .


یایر لاپید سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن ئێوارەی پێنجشەممە داوای کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززەی کرد لە بەرامبەر ڕێککەوتنێکی بارمتەگرتن و کردەوەکانی ئیسرائیل لە کەرتی بە "بێسوود"ی زانی.


بزووتنەوەی حەماس ڕایدەگەیەنێت ، بەپێی هەر ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ئامادەیە ئەو بارمتە ماوانەی لە غەززە بەدەستی گرتووە ئازاد بکەن، هاوکات ئیسرائیلیش دەڵێت تا چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی حەماس شەڕەکە ڕاناگرن، ئەمەش داواکارییەکی بزووتنەوەی فەلەستینی ڕەتدەکاتەوە.


شەڕی غەززە کاتێک سەریهەڵدا کە چەکدارانی حەماس بە سەرکردایەتی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و بە پێی ئامارەکانی ئیسرائیل هەزار و ٢٠٠ کەسیان کوشت و ٢٥١ کەسیشیان بە بارمتە گرت.


وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ڕایدەگەیەنێت، هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیل کە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر ڕوویدا، تا ئێستا زیاتر لە ٥٦ هەزار فەلەستینی کوشتووە و قەیرانی برسێتی و ئاوارەبوونی ناوخۆی سەرجەم دانیشتوانی غەززەی لێکەوتووەتەوە.


کەمپەینی ئیسرائیل تۆمەتەکانی بە جینۆساید لە دادگای نێودەوڵەتی و تاوانی جەنگ لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان وروژاندووە، بەڵام ئیسرائیل ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.

 


;