Apora Logo

روسیا ئامادەی گەڕی سێیەمی دانوستانە لەگەڵ ئۆکرانیا

روسیا ئامادەی گەڕی سێیەمی دانوستانە لەگەڵ ئۆکرانیا

ئەمڕۆ هەینی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ڕووسیا ئامادەیە بۆ قۆناغی نوێ و سێیەمی دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا، کە شوێن و وادەی دانوستانەکانیش هێشتا ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە، .

27/6/2025

بەپێی ئاژانسی تاس-ی ڕووسیا. ئەمڕۆ هەینی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ڕووسیا ئامادەیە بۆ قۆناغی نوێ و سێیەمی دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا، کە شوێن و وادەی دانوستانەکانیش هێشتا ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە، 



لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی لوتکەی ناوچەیی لە شاری مینسکی پایتەختی بیلاروسیا، پوتین ڕایگەیاند کە "باسکردنی یاداشتەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات دەبێتە بابەتی دانوستان لەگەڵ کیێڤ"، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەربڕی بۆ ڕۆڵی لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەردوولا لە ئەستەنبوڵ کە جێبەجێ کراوە.


پوتین ڕوونیشیکردەوە کە بەڕووی "پەیوەندی و کۆبوونەوەکانەوە کراوەیە، لەنێویاندا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا"، جەختیشی کردەوە کە "رێزێکی زۆری بۆ ترەمپ هەیە"، هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکاشی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا بە "دڵسۆزی" وەسفکرد.

 

سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ کیێڤ ئاشکرای کرد کە ئەو دوو یاداشتە کە بڕیارە دیدگای ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەخۆ بگرێت، پێشنیاری "تەواو دژبەیەک"ی تێدایە.


پوتین وتی: ئەوە شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە. "ئەمە دوو یاداشتنامەی تەواو دژبەیەکن. بەڵام دانوستانەکان بە وردی بۆ دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان ئەنجام دەدرێن."

سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند کە "ڕووسیا و ئۆکرانیا پەیوەندی نێوانیان دەپارێزن دوای تەواوبوونی ئاڵوگۆڕی دیل و سەرباز".

 

پوتین ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی "3 هەزار تەرمی دیکەی سەربازە بریندارەکانی ڕادەستی ئۆکرانیا بکاتەوە، جگە لەو 6 هەزار تەرمەی کە پێشتر ڕادەستکراون".


سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، پوتین هۆشداریدا لەوەی "زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان نابێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاسایشی ڕۆژئاوا بەڵکو ئاستی ژیان دادەبەزێت".


سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا کە ڕووسیا پلانی هەیە خەرجییەکانی چەک کەم بکاتەوە، هەروەها وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی گەشەپێدانی ئابووری لە ئێستادا کار بۆ ئەو ئامانجە دەکەن.



;