بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە زیانی زۆر بە دارستان و پاوانی کوردستان دەگەیەنێت و مەترسی زۆر بۆ سروشت و ژینگە و ژیانی ئاژەڵ و باڵندە کێویەکان دروست دەکات .
ئەمڕۆ هەینی ٢٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردەوە، رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە زیانی زۆری بە دارستان و پاوانی کوردستان گەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێک لەناوچەی شارباژێڕ بەدیاریکراوی لە سنووری گوندەکانی بیانە ـ گۆڕەدێم کەوتەوە و لەگەڵ زانینی هەواڵی کەوتنەوەی ئاگرەکە مەفرەزەیەک لە کارمەندانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارباژێڕ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بە هاوکاری تیمی بەرگری شارستانی چوارتا و دانیشتوانی خۆبەخۆشی گوندەکان و دانیشتوانی چوارتا توانرا ئاگرەکە بکوژێنرێتەوە و کۆنترۆڵ بکرێت .
باسی لەوەشکرد، بەپێی زانیاریەکان بەهۆی ئەو رووداوی ئاگرە نزیکەی ٢٠٠ دۆنم لە دارستان و پاوانی سنوورەکە سووتاون و زیانیان پێگەیشتووە.
هاوکات دوێنی، پێنجشەممە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویكردەوە، لە گوندی باناڵێ سەر بە سنووری ماوەت، بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێک کەوتەوە و بەهۆیەوە ١٠٠ دۆنم پووش و باخی هاوڵاتییان سووتاوە.