Apora Logo

ویتکۆف: دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هەمەلایەنە

ویتکۆف: دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هەمەلایەنە

نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران " هەمەلایەنەیە " و واشنتۆن هیوادارە بگەنە ڕێککەوتنێکی ئاشتی درێژخایەن.

25/6/2025

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری واشنتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگه‌یاند، "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چاوی لە ڕێککەوتنێکی گشتگیری ئاشتییە له‌گه‌ڵ ئێران، سه‌رۆك ترەمپ زۆر بەڕونی ئەوەی خستوه‌تەڕو کە دەیەوێت ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی ئاشتی لەگەڵ ئێران ببینێت کە لە ئاگربەست تێدەپەڕێت".


سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران ناوبراو گوتی، ئێستا دەبێ لەگەڵ ئێرانییەکان دابنیشین و بگەینە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی ئاشتی و زۆر دڵنیام لەوەی کە دەگەینە ئەو ڕێکكەوتنە.


ئێران و ئەمریکا لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە دانوستانی ناڕاستەوخۆ بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی نوێ سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران ئەنجام دەدەن. تاران دەڵێت بەرنامەکەیان بۆ مەبەستی ئاشتیانە، لە کاتێکدا واشنتۆن دەڵێت دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات.


ترامپ ئاگربەستی لە نێوان ئیسرائیلی هاوپەیمانی ئەمریکا و ئێرانی ڕکابەرە ناوچەییەکەی ڕاگەیاند، ئامانج لێی کۆتایی هێنان بە شەڕێکی ئاسمانی کە لە ١٣ی حوزەیران سەریهەڵدا کاتێک ئیسرائیل ئێرانی بۆردومان کرد. ئەم ململانێیە نیگەرانییەکانی لە ناوچەیەکدا دروستکردووە کە لە ئێستاوە لە لێواریدایە، لەوەتەی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستیپێکردووە.


ئیسرائیل تاکە وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بە شێوەیەکی بەرفراوان پێیان وایە خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت و دەشڵێت، شەڕی دژی ئێران ئامانجی ئەوەیە کە ڕێگری بکات لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی خۆی. ئێران لایەنێکە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، لەکاتێکدا ئیسرائیل لایەنێک نییە.


لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئەمریکا بۆردومانی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کرد و ئێرانیش وەڵامی دایەوە و ڕۆژی دووشەممە بنکەیەکی ئەمریکای لە قەتەر کردە ئامانج، پێش ئەوەی ترەمپ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕابگەیەنێت.

 

ویتکۆف وتیشی، "ئامانجی سەرۆکی ئەمریکا نەهێشتنی توانای پیتاندنی یۆرانیۆم و چەکی ئەتۆمی ئێران بو، ئەویش دوای 12 ڕۆژ (جەنگ) بەدەستیهێنا، ئەوە شەڕێکی ئەبەدی یان شەڕێک نەبو لە پێناو شەڕدا".


;