بە پێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانی، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکانی ئێران ئاشکرایان کردووە کە تاران لە ماوەی 12 رۆژی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا 700 کەسی دەستبەسەر کردووە کە هاوکاری ئیسرائیلیان کردووە و سێ کەسیشیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلی موساد لە سێدارە داوە.
ئاژانسەکە بڵاوی کردەوە کە "لە سەرەتای دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تۆڕی سیخوڕی ڕژێمی زایۆنی لەو وڵاتە چالاکییەکی ئەوتۆی هەبووە و دەزگای هەواڵگری و ئەمنیی ئێرانیش لە ماوەی 12 ڕۆژدا زیاتر لە 700 کەسیان دەستبەسەر کردووە".
بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە هەواڵدەریی ئیرنا، زۆربەی دەستبەسەرەکان لە پارێزگاکانی کرماشان، ئیسفەهان، خوزستان، فارس و لوڕستان بووە، لە کاتێکدا هێشتا ئاماری ورد سەبارەت بە ژمارەی دەستبەسەرەکان لە پارێزگای تاران ڕانەگەیەندراوە .
تۆمەتەکانی ئەو دەستگیرکراوانە بریتین لە ئاراستەکردن و چاودێریکردنی فڕۆکەی بچووک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ ، دروستکردنی بۆمبی دروستکراوی ماڵەوە، وێنەگرتنی شوێنە سەربازییە هەستیارەکان، و ناردنی زانیاری بۆ سوپای ئیسرائیل.
ئەو ئامارە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی فەرمی دامەزراوە ئەمنی و قەزاییەکانی ئێران بڵاوکراوەتەوە و ئەو دۆسیانە ناگرێتەوە کە پەیوەندییان بە هاووڵاتیانی بیانی دەستبەسەرکراوەوە هەیە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئاژانسی هەواڵی میزان سەر بە دەزگای قەزایی ئێران بڵاویکردەوە، ڕۆژی چوارشەممە سێ کەس دوای ئەوەی بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ مۆساد و قاچاخچێتی کەلوپەلی بەکارهێنراو لە تیرۆرەکاندا سزا دراون، لەسێدارە دراون .
دەزگای قەزایی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئیدریس عەلی، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ، کە هەوڵی هاوردەکردنی کەرەستەی هاوردەکردنی کەرەستەی تیرۆرکردن لەو وڵاتەیان دابوو، دەستبەسەر کران. بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ قەوارەی زایۆنیستی دادگایی کران و بەرەبەیانی ئەمڕۆ (چوارشەممە) حوکمەکانیان جێبەجێ کرا و هەڵواسران".