ڕۆژی سێشەممە 24ی حوزەیرانی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا بۆ ئیسرائیلییەکان ئاماژەی بەوەکرد، سەرکەوتنێکی مێژووییمان بەدەستهێناوە و ئەم سەرکەوتنەش بۆ چەندین نەوە بەردەوام دەبێت.
ئاشکراشیکرد، کە ئیسرائیل زۆرێک لە دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێرانی لەناوبرد، جگە لەوەش دەیان کارگەی سەربازی لەناوبرد.
جەختیشیکردەوە کە "پێویستە هەڵمەتەکەمان لەدژی میحوەری ئێران تەواو بکەین و حەماس بشکێنین و هەموو بارمتە زیندوو و مردووەکان لە غەززە بگەڕێنینەوە".
نەتانیاهۆ گوتیشی؛ هەر هەوڵێکی ئێران بۆ بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی پووچەڵ دەکاتەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە کۆشکی سپی هیچ دۆستێکی باشتری لە ترەمپ نەبووە.
ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ئەمڕۆوە کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش دوای دوانزە ڕۆژی جەنگ کە بریتی بوو لە هێرشەکانی ئەمریکا کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردە ئامانج و وەڵامدانەوەی سنووردار لەلایەن ئێرانەوە بۆ بنکەیەکی ئەمریکا لە قەتەر.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە یەکەم کەس بوو ڕێککەوتنی ئاگربەستی ڕاگەیاند، داوای لە ئیسرائیل کرد "بۆمب نەخاتە سەر ئێران" کە بە وتەی ئەو "پێشێلکارییەکی گەورە"ی ئاگربەستەکە پێکدەهێنێت.
ترەمپ هەردوولای بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند، ئێران و ئیسرائیل "نازانن چی دەکەن". لای خۆیانەوە ئێران و ئیسرائیل مافی خۆیان بۆ "وەڵامدانەوەی" هەر پێشێلکارییەک لەلایەن لایەنی بەرامبەرەوە دووپاتکردەوە.
ئیسرائیل بەیانی سێشەممە قبوڵکردنی پێشنیاری ئاگربەستی ئەمریکای ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە "هەموو ئامانجەکانی" ئەو شەڕەی کە لە 13ی حوزەیران دەستیپێکردبوو، بە ئامانجی ڕاگەیەندراوی نەهێشتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەدیهاتووە.
لای خۆیەوە مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بەڵێنی دا کە وڵاتەکەی ڕێز لە ئاگربەست بگرێت. ناوبراو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەنوەر ئیبراهیم سەرۆک وەزیرانی مالیزیا وتی: ئەگەر ڕژێمی زایۆنی ئاگربەست پێشێل نەکات، ئێرانیش پێشێلی ناکات.
لە ماوەی 12 ڕۆژدا ڕووبەڕووبوونەوەی یەکتری بێ وێنە لە نێوان هەردوولادا سەریهەڵدا و ئیسرائیل هێرشی کردە سەر شوێنە سەربازی و ئەتۆمییەکان و شوێنی هەڵدانی مووشەک، جگە لە تیرۆرکردنی سەرکردە باڵا سەربازییەکان و زانایانی ئەتۆمیی.
تاران ڕەتیدەکاتەوە هەوڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بدات و بەرگری لە مافی خۆی دەکات بۆ بەرنامەی ئەتۆمی مەدەنی. وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیلی دایەوە بە زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل.