سبەینێ چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025، ئەنجومەنى وەزیرانی هەرێم کۆبونەوەى ئاسایی خۆی بەڕێوەدەبات، بەپێى کارنامەی تایبەت بە کۆبونەوەکە دوو تەوەرى سەرەکیی گفتوگۆ دەکرێت، یەکێکیان تایبەتە بە پێشکەشکردنى راپۆرتێک لەبارەى داهات و خەرجییەکانى هەرێمى کوردستان و پێشکەشکردنى ئەگەر و چارەسەر و پێشهاتەکان و تەوەرەکەى دیکەیش تایبەتە بە کرێکاران.
لە کارنامەکەدا هاتووە کە لە بڕگەى یەکەمدا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخى دارایی ئێستاى هەرێمى کوردستان بەتایبەت مووچەى موچەخۆران دەکرێت کە دوو مانگە وەزارەتى دارایی فیدراڵ رایگرتووە و دوا هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنى ئەم بابەتە لەلایەن وەزیرى داراییەوە بە راپۆرتێک پێشکەش دەکرێت و داهات و خەرجییەکانى ئێستا دەخرێنەڕو و ئەگەر و چارەسەر و پێشهاتەکانیش دیاریدەکرێن.
لە تەوەرى دووەمیشدا وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی راپۆرتێک تایبەت بە خانەنیشنى و دەستەبەرى کۆمەڵایەتیی کرێکاران لە هەرێمى کوردستان پێشکەش دەکات و راسپاردە و پێشنیارەکانیش.
ئەمەش لە کاتێکدایە، تائێستا وادەى ناردنى مووچەى مانگى پێنجى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دیارنییە و بەهۆى ناکۆکی نێو دادگاى فیدراڵیشەوە تا ئێستا بڕیار لەبارەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانەوە دەرنەکراوە.