ئەمرۆ سێشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 0.5% دابەزی بۆ 3351 دۆلار.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە رێژەی 0.9% دابەزی بۆ 3365 دۆلار.
ئیلیا سپیڤاک، بەڕێوەبەری بەشی کانزاکان لە کۆمپانیای راوێژکاریی تەیستی لایڤ لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازرگانان گرەویان کردووە لەسەر نەمانی مەترسییە جیۆسیاسییەکان لە بازاڕدا، دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیلی راگەیاند."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل کۆتایی پێهاتووە، دوای ئەوەی هەردوولا بە ئاگربەست رازی بوون.
شرۆڤەکارەکەی کۆمپانیای تەیستی لایڤ دەڵێت، "بنەمای بازاڕی زێڕ بەهێزە و لە دوورمەودا و مامناوەنددا نرخی زێڕ ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوەیە."
ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت، "پێش ئەوەی نرخی زێڕ دەست بە بەرزبوونەوەکانی بکاتەوە، رەنگە پاشەکشەیەکی تەکنیکی بکات. دابەزینی ئەمڕۆی نرخی زێڕیش دەکرێت سەرەتای ئەو پاشەکشە بێت."