Apora Logo

نەتانیاهۆ: لەگەڵ ئێران گەیشتوینەتە ئاگربەستێکی هەمەلایەنە

نەتانیاهۆ: لەگەڵ ئێران گەیشتوینەتە ئاگربەستێکی هەمەلایەنە

دوای 12 ڕۆژ لە شەڕی بێ وێنەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاگربەستی نێوان ووڵاتەکەی و ئێرانی پشتڕاستکردەوە.

24/6/2025

ڕۆژی سێ شەممە 24 حوزەیرانی 2025، نوسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دوای هەوڵێکی دیبلۆماسی و ئەمنیی چڕوپڕ، ڕێککەوتنێکی تۆکمەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران ڕاگەیەندرا.


ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕێککەوتنە وردە وردە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کۆتایی بەو شەڕە دێت کە لە ماوەی دوانزە ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویداوە.


هەروەها جەختی لەوەشکردەوە کە "ئیسرائیل لە هەر کات و شوێنێکدا بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئاسایشی خۆی و ئازادیی کاری خۆی". سوپاسی سەرباز و فەرماندەکان و هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی ئیسرائیلی کرد "بۆ خۆڕاگری و یەکڕیزییان لەم ڕۆژە سەختانەدا"، وەک خۆی دەڵێت.


پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئاگربەستێکی "تەواو و گشتگیر" لە نێوان ئیسرائیل و ئێران لە کاتژمێر 4:00 بەیانی (GMT) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان هەردوولا. ئەمەش کۆتایی هاتنی شەڕێکی دوانزە ڕۆژە کە بووە هۆی هەڵاتنی ملیۆنان کەس لە تاران و ترسی پەرەسەندنی زیاتری ناوچەکەی لێکەوتەوە. ترەمپ لە پلاتفۆرمی خۆیدا نووسیویەتی "ڕاستی کۆمەڵایەتی"، پیرۆزبایی لە هەردوو وڵات کردووە کە "توانا و بوێری و زیرەکییان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە دەبێ پێی بڵێین شەڕی 12 ڕۆژە"، وەک خۆی دەڵێت.


شایانی باسە کە لە 13ی حوزەیرانەوە ئیسرائیل هێرشێکی بێ وێنەی بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە و شوێنە سەربازییەکان و شوێنی هەڵدانی مووشەک و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کردووەتە ئامانج. هەروەها سەرکردە باڵاکانی سەربازی و نزیکەی 17 زانای ئەتۆمی تیرۆر کردووە.


تاران بە وەڵامدانەوەی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیلی، دیارترینیان تەلئەبیب، حەیفا، بێرشێبا و چەند ناوچەیەکی دیکە.


هەروەها ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی، ئیسفەهان، ناتەنز و فۆردۆی قەڵای قورس.


دوێنێ ئێران مووشەکی ئاراستەی سەربازگەی ئەلعودەیدی ئەمریکا لە قەتەر و هەروەها بنکەی عەین ئەسەد و تاجی لە عێراق کرد، پێش ئەوەی ترامپ لە بەرەبەیاندائاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕابگەیەنێت.

;