دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیدا ڕایگەیاندووە ، "ئێستا ئاگربەستەکە کاری پێدەکرێت. تکایە پێشێلی مەکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "دەمزانی کاتەکە گونجاوە. جیهان، و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، براوەی ڕاستەقینەن. هەردوو وڵات ئەزموونی خۆشەویستی و ئاشتی و خۆشگوزەرانییەکی گەورە دەکەن لە داهاتوویاندا".
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئەوان زۆر شتیان هەیە بۆ دەستکەوت، بەڵام زۆر لەدەست دەدەن ئەگەر لە ڕێگای ڕاست ودروستی و حەقیقەت لابدەن. ئایندەی ئیسرائیل و ئێران بێ سنوورە و پڕە لە بەڵێنی گەورە، خوای گەورە بەرەکەتی هەردووکتان ببەخشێت".
پێشتر ترەمپ ڕایگەیاند، ئیسرائیل و ئێران هاتنە لام، نزیکەی لە یەک کاتدا و گوتیان ئاشتی.
شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social)، ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی ڕاگەیاند.
سەرۆکی ئەمریکا دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە جەختیکردەوە" شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل ئەگەر بەردەوام بووایە، دەبووە هۆی وێرانکردنی ناوچەکە دەمەوێت دەستخۆشی لە هەردوو وڵات، ئیسرائیل و ئێران بکەم، کە توانا و بوێرێان هەبوو بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە دوانزە ڕۆژییە".