ئاژانسی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە پشتڕاستی کردەوە کە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجامدراوە، ڕێککەوتنەکە ئەوەبوو کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند ڕێککەوتنەکە هەمان کاتدا بوو کە ئیسرائیل ڕاپۆرتی مووشەکی نوێی لە ئێرانەوە بڵاوکردەوە .
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە کەناڵی دەوڵەتی ئێران لە پەخشێکی ڕاستەوخۆدا ڕایگەیاند: دوژمن ناچار بوو ئاگربەستەکە قبوڵ بکات.
نزیکەی کاتژمێر و نیوێک پێش ئەوەی ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێران شەش موشەک سالڤۆی بەرەو ئیسرائیل هەڵدا و ئاگادارکەرەوەی هێرشی ئاسمانی لە ئیسرائیل لێدرا. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە چەند مووشەکێک لە ئێرانەوە هەڵدراون .
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییە جێگیرکرایەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە جارێکی دیکە ئاگادارکەرەوەی هێرشی ئاسمانی لە چەند ناوچەیەکی ناو وڵاتەکە دەنگی داوەتەوە.
چەند کاتژمێرێک پێشتر سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئێران و ئیسرائیل گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی ئاگربەست.
لەبەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی؛ لەو ساتەدا، هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی لەسەر ئاگربەست یان کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان نەبووە.
عێراقچی گوتیشی، ئەگەر ئیسرائیل تا کاتژمێر ٤ی بەیانی بە کاتی تاران "دەستدرێژی نایاسایی" خۆی دژی گەلی ئێران بوەستێنێت، "هیچ نیازێکمان نییە دوای ئەوە بەردەوام بین لە وەڵامدانەوە".
دواتر عێراقچی ڕایگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان "تا دوا سات، کاتژمێر ٤:٠٠ی بەیانی بەردەوام بوون".