وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەزاری عەباس عێراقچی بڵاویکردەوە، ئەگەر ئەمریکا هەر هەنگاوێکی دیکە بگرێتەبەر، ئێران ئامادەیە جارێکی دیکە وەڵام بداتەوە.
بەپێی زانیاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی بۆ ڕۆیتەرز ڕاگەیاندوە کە تاران هیوادارە بۆردومانکردنی بنکەی ئاسمانی ئەلعودەید نەبێتە هۆی قەیرانی دیپلۆماسی لەگەڵ قەتەر.
ڕاشیگەیاندووە، ئێران وەک وڵاتێک هێرشی نەکردووەتە سەر قەتەر، بەڵکو ئامانجەکەی بە تایبەتی بنکەی ئەمریکا بووە".
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ئێران پێش هەڵدانی مووشەک بۆ سەر بنکە سەربازییەکەی لە قەتەر ئاگادارییەکی پێشوەختەی بە ئەمریکا داوە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە لە ڕێگریکردن لە هەر زیانێکی گیانی.
هاوکات مەجید ئەنساری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە دووپاتیکردەوە کە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی ئەلعودەیدی ئەمەریکا پووچەڵ کراوەتەوە.
ئەلئەنساری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: هێرشە مووشەکییەکەمان پووچەڵکردەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستمان گرتەبەر بۆ پووچەڵکردنەوەی هێرشە مووشەکییەکە.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی "هێرشە موشەکییەکە سەرسامی کردین، بە لەبەرچاوگرتنی پێگەکانمان کە داوای کەمکردنەوەی پەرەسەندنیان دەکرد".
ئەلئەنساری جەختی لەوە کردەوە کە "هەموو لایەنەکان هیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان و بەدوای ئاشتیدا بگەڕێن".