ئاژانسی هەواڵی RIA Novosti ی ڕووسیا لە زاری ئەو سەرچاوەیەوە بڵاویکردەوە، " ئێران وەک وڵاتێک هێرشی نەکردووەتە سەر قەتەر، بەڵکو ئامانجەکەی بە تەنیا بنکەی ئەمریکا بووە".
ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: تاران هیواخوازە بۆردومانکردنی بنکەی ئەمەریکا قەیرانی دیپلۆماسی لەگەڵ قەتەر نەکات.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەی ئەمەریکا تەنیا بەشێکە لە وەڵامدانەوەی تاران و تەواوکردنیشی بە ئیرادەی سەرکردایەتی ئێرانە.
جەختیشی کردەوە کە "هەر هەوڵێکی ئەمریکا بۆ وەڵامدانەوەی بۆردومانی بنکەی قەتەر بە وەڵامێکی توندتر لەلایەن ئێرانەوە بەرەوڕوو دەبێتەوە".
لای خۆیەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە ڕایگەیاندووە: تاران لە کاردانەوە بە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران درێژە بە ئۆپەراسیۆنەکانی دەدات.
سەبارەت بە ڕێڕەوی دیپلۆماسی، ئەو بەرپرسە ئێرانییە جەختی لەوە کردەوە کە تاران "عەقڵانییەتی پێویستی هەیە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی دیپلۆماسی دوای سزادانی دەستدرێژکار".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر ئەمریکا بەدوای دانوستاندا بگەڕێت، سەرەتا دەبێت هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بوەستن".