وەزارەتی ڕۆشنبیری دەڵێت، ئەوەی هەواڵی بێ بنەما و ترس و تۆقاندن بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی هەرێم بڵاوبکاتەوە رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رووداوەکانی ئێستای جەنگی ناوچەکە، نابێت راگەیاندن و میدیاکان و پەیجەکان هەواڵی بێ سەرچاوە و نادروست بڵاو بکەنەوە و ئەوەی هەواڵی بێ بنەما و ترس و تۆقاندن بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی هەرێم بڵاوبکاتەوە رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
وتیشی، ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، راگەیاندن ئامرازێکی کاریگەرە و میدیای کوردی دەتوانێت رۆڵی گرنگ لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بێلایەنی هەرێم سەبارەت بە رووداوەکانی ناوچەکەدا بگێڕێت.
دەشڵێت، ئاگاداری سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن و میدیاکان و پەیجەکان و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا دەکەنەوە کە پێویستە رەچاوی باری کۆمەڵایەتی و دەروونی خەڵک بکرێت، هیچ جۆرە هەواڵێکی بێ سەرچاوە و نادروست لەبارەی پەرەسەندنەکان بڵاو نەکەنەوه.
باسی لەوەشکرد، کە نابێت بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان لایەنگیری تێدابێت و پێویستە سەرچاوەی هەواڵەکان لە لایەنی فەرمییەوە وەربگیرێت و بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.