Apora Logo

کاتز: ئەمینداری گشتی حزبوڵای لە چارەنووسی کەسانی پێش خۆی فێر نەبووە

کاتز: ئەمینداری گشتی حزبوڵای لە چارەنووسی کەسانی پێش خۆی فێر نەبووە

ئیسرائیل بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی نەعیم قاسم سکرتێری گشتی حزبوڵای لوبنانی دایەوە کە تێیدا ڕایگەیاندووە، ئەو حزبە لە بەرامبەر دەستدرێژیی ئیسرائیلدا، لەگەڵ ئێران وەستاوە.

18/6/2025

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، بە ئاماژەدان بە عەلی خامنەیی، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، وتی: ئەمینداری گشتیی حزبوڵا لە چارەنووسی کەسانی پێش خۆی فێر نەبووە و هەڕەشەی ئەوە دەکات کە بە فەرمانی خامنەیی دژی ئێمە مامەڵە بکات.


کاتز ئاماژەی بەوەشکرد، ئامۆژگاری حزبوڵای لوبنان دەکات کە وریا بێت و بزانێت ئیسرائیل سەبر و خۆڕاگری لەدەستداوە لەگەڵ ئەو کەسانەی هەڕەشەی لێدەکەن. 


بەگوێرەی ئاژانس فرانس پرێس، کاتز لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "من ئامۆژگاری نوێنەری لوبنان دەکەم کە وریا بێت و بزانێت ئیسرائیل سەبر و خۆڕاگریی لەگەڵ ئەو تیرۆریستانەدا لەدەستداوە کە هەڕەشەی لێدەکەن"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر تیرۆر هەبێت، ئیتر حزبوڵا نامێنێت".


سکرتێری گشتی حزبوڵای لوبنانی ڕۆژی پێنجشەممە دووپاتیکردەوە کە حزبوڵا لە ململانێی ئێستای نێوان ئێران و ئیسرائیل بێلایەن نییە و لەگەڵ ئێران و سەرکردایەتی و گەلەکەیدا وەستاوە و بەو شێوەیەی کە بە گونجاوی دەزانێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دەستدرێژییە مامەڵە دەکات.


بەگوێرەی ماڵپەڕی تەلەفزیۆنی ئەلمەنار، قاسم ڕەخنەی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گرتووە و ڕایگەیاندووە، "ئەو بیانووی گوماناوییە، وەک پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی، مافێکی یاسایین کە یاسا نێودەوڵەتییەکان مسۆگەر کراون و زیان بە هیچ کەسێک ناگەیەنن، بەڵکو بەشدارییەکی زانستین لە پێشکەوتنی ئێران و ناوچەکەدا".


ناوبراو هەڕەشەکانی ئەمریکا له سەر عەلی خامنەی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران و دەستدرێژییەکانی بۆ سەر ئێران به دەستدرێژی بۆ سەر گه لانی ناوچەکە وه سفکرد و هۆشداریدا که سیاسەتی ئەمریکا ناوچەکه بەرەو ئاژاوه و نائارامی دەبات.


حزبوڵا دوای سەرهەڵدانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەردوولا لە هەفتەی ڕابردوودا هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران ئیدانە کرد، بەڵام ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لەو هێرشانەدا ڕانەگەیاند دوای ئەوەی شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجامدا کە لە ٢٧ی ئەم مانگەدا بە ئاگربەست کۆتایی هات.

;