ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە چوارەمین ڕۆژی خۆیەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هەردوولا بەرفراوانتر بووە و ژمارەی قوربانییەکان بەشێوەیەکی بێوێنە بەرزبووەتەوە. ئەم ململانێیە مەترسی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکات و نیگەرانی نێودەوڵەتی زیاد دەکات.
هێرش بۆ سەر یەکتر و لێدانی چۆنایەتی
شەوی یەکشەممە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و هێرشی دیکەی بەخۆیەوە بینی و تاران پاڵاوگەیەکی نەوتی ئیسرائیلی کردە ئامانج و زیانی بە تۆڕی کارەبای ئەو وڵاتە گەیاند. هەروەها شایەتحاڵان باسیان لە تەقینەوە لە ناوچە نیشتەجێبووەکانی ناوخۆی ئیسرائیل کردووە.
لەبەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند ، زیاتر لە 120 مووشەکهاوێژی ئێرانی لەناوبردووە، کە یەکسانە بە یەک لەسەر سێی جبەخانەی ئێران، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەڤی دڤرین، وتەبێژی سەربازیی ئێران.
دڤرین ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بە بەکارهێنانی ٥٠ فڕۆکەی جەنگی هێرشی چڕیان دەستپێکردووە، نزیکەی ١٠٠ شوێنی سەربازییان لە پارێزگای ئیسفەهان لە ناوەڕاستی ئێران کردۆتە ئامانج، لەنێویاندا ٢٠ مووشەک کە چەند خولەکێک پێش هەڵدانی مووشەک لەناوچوون.
زیانێکی زۆر لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ئاماری کوژراوان لە ئێران بۆ 224 کەس بەرزبووەتەوە، لە ئیسرائیلیش 24 کەس گیانیان لەدەستداوە و 592 کەسیش برینداربوون، کە 10 کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.
تارانی پایتەختی ئێران کۆچێکی بەکۆمەڵ بەخۆیەوە دەبینێت و زۆرێک لە دانیشتووانی ئێران هەوڵی هەڵاتن دەدەن بۆ گەڕان بەدوای ناوچە ئارامترەکان لە کاتێکدا ترسی لێدانی زیاتریان هەیە.
ئیسرائیل چی کردە ئامانج؟
لەبەرامبەردا ئیسرائیل ڕایگەیاند، کە زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر ئێران ئەنجامداوە و بارەگاکانی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی کردۆتە ئامانج.
هەروەها سەکۆکانی مووشەکی بالیستیک و شوێنەکانی ژێرخانی وزەی کردە ئامانج، هەروەها هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەند شوێنێکی تارانی پایتەخت دەستپێکرد.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، دەیان شوێنی موشەکی لە سەرزەوی بۆ سەر زەوی لە ڕۆژئاوای ئێرانیان کردووەتە ئامانج، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاندووە کە هێرشەکان بۆ سەر ئێران سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە نێوخۆی تاران و هەروەها فڕۆکەخانەی مێهرابادی ڕۆژئاوای پایتەختیان کردۆتە ئامانج.
ڕەتکردنەوەی ئەمریکا بۆ بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی ئێران
لە چوارچێوەیەکی هاوتەریبدا دوو بەرپرسی ئەمەریکا ئاشکرایان کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەم دواییانەدا پلانێکی ئیسرائیلی بۆ تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕەتکردەوە، هاوکات تزاچی هانەگبی، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل ڕەتیکردەوە هیچ نیازێکی هەبێت بۆ بەئامانجگرتنی سەرکردایەتی سیاسی ئێران.
هەڵوێستی ئێران
مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، لە ئێستاد دەبێت ناکۆکیە ناوخۆیەکان وەلابنێین و زۆر پێویستیمان به بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل.
پزیشکیان لە میانەی وتارێکدا بۆ مەجلیسی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئێران بەدوای شەڕدا ناگەڕێت و هیچ نیازێکیشی نییە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، ئەمەش بە پشتبەستن بە سیاسەتەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامیی ئێران.
هەفتەیەک لە ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتوو
سەرچاوەکانی کۆشکی سپی و حکومەتی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، پێدەچێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران "بۆ چەند هەفتەیەک بخایەنێت نەک چەند ڕۆژێک"، بە ئاماژەدان بە پاڵپشتیی بێدەنگی ئەمریکا لەم قۆناغەدا، بەبێ ئەوەی ئەگەر پێویست بکات دەستێوەردانی ئەمریکا لە داهاتوودا بەدوور بگرن.
هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی تا "توانای ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وڵاتەکەی ئیفلیج دەبێت"، تەنانەت لە کاتێکدا تاران بەردەوامە لە هەڵدانی سەدان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.