ئەمڕۆ دووشەممە 16ی حوزەیرانی 2025 مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی کورتدا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو موشەکێکی ئێران لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا کەوتۆتەخوارەوە، ئاماژەی بەوەشدا کە باڵیۆزخانەکە بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل چاودێری پێشهاتە ئەمنییەکان دەکات و دەڵێت: "ئەولەویەتی سەرەکیمان سەلامەتی ستافەکەمانە، بڕیارمانداوە ئەمڕۆ باڵیۆزخانە و هاوپێچەکانی وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بە داخراوی بهێڵینەوە".
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە پەرەسەندنێکی سەربازی بێ وێنەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، کە هەردوولا بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە لە ئەنجامدا زیانێکی بەرچاوی مرۆیی و ماددی لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەزگای ئەمبولانسی ئیسرائیل، هێرشە مووشەکییەکەی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر تەلئەبیب و حەیفا بووە هۆی کوژرانی پێنج کەس و برینداربوونی 87 کەسی دیکە و بێسەروشوێنبوونی چوار کەس.
دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل هەروەها بڵاویکردەوە کە بەشێک لە بریندارەکان سەخت بوون، هەروەها باڵەخانەکانی شاری تەلئەبیب لە ئەنجامی لێدانی ڕاستەوخۆی موشەکەکان داڕماون، ئەمەش ئەوە دەربڕیوە کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ژمارەی کوژراوان بەرز ببێتەوە.
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ئەم هێرشەیان بە بەرفراوانترین هێرش وەسف کردووە لە سەرەتای هەڵکشانەکەوە، ئاگادارکەرەوەی هێرشی ئاسمانی لە سەرانسەری ناوچەکانی ئیسرائیلدا دەنگی دایەوە، لە جەلیلەوە لە باکوورەوە تا ئیلات لە باشوور.
لای خۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، دوایین هێرش سیستمی بەرگری ئیسرائیلی سەرلێشێواو کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "شێوازێکی نوێ" بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە بەکارهێنراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.
ئەمەش کۆی گشتی قوربانیانی ئیسرائیلی لە سەرەتای هێرشەکانی ئێرانەوە گەیشتە 19 کەس، لە کاتێکدا هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان لە پەرەسەندندان سەبارەت بە ئەگەری فراوانبوونی ڕووبەڕووبوونەوەکە و هەڕەشەکردن لە سەقامگیری تەواوی ناوچەکە.