Apora Logo

جەیهان بەدیل نییە.. نەوتی عێراق "دیل"ی گەرووی هورمزە

جەیهان بەدیل نییە.. نەوتی عێراق "دیل"ی گەرووی هورمزە

لە نێوان پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە و هەڕەشەکانی بەشێک لە وڵاتان بۆ داخستنی گەرووی هورمز، پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە ئاراوە: ئایا عێراق دەتوانێت بەندەری جەیهانی تورکیا وەک بەدیلێکی ستراتیژی بەکاربهێنێت

14/6/2025


لە نێوان پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە و هەڕەشەکانی بەشێک لە وڵاتان بۆ داخستنی گەرووی هورمز، پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە ئاراوە: ئایا عێراق دەتوانێت بەندەری جەیهانی تورکیا وەک بەدیلێکی ستراتیژی بەکاربهێنێت؟ وەڵامەکە بە گوتەی پسپۆڕێکی بواری نەوت  ، زۆر ئاڵۆزە.


بەهجەت ئەحمەد، شارەزای بواری نەوت، بە (بەغداد تودەی)ی ڕاگەیاندوە، "قسەکردن لەسەر بەکارهێنانی بەندەری جەیهان وەک بەدیلێک بۆ گەرووی هورمز لەسەر بنەمای داتای تەکنیکی واقیعی نییە، زیاتر لە 90%ی نەوتی عێراق لە بەسرە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بۆ کەنداو هەناردە دەکرێت، ئەمەش وایکردووە هەر بەدیلێک لە ئێستادا ناکرداری بێت".


ئەحمەد ڕوونی کردەوە،“ئەو نەوتەی کە دەتوانرێت لە ڕێگەی جەیهانەوە هەناردە بکرێت، سنووردارە بە بەرهەمی کەرکوک، کە ڕۆژانە بە 300 هەزار بەرمیل مەزەندە دەکرێت، جگە لە نەوتی هەرێمی کوردستان کە بەدەست کێشەی تەکنیکییەوە دەناڵێنێت لە هێڵەکانی گواستنەوەدا”، ئاماژەی بەوەشکرد، “تەنانەت ئەگەر حکومەت ڕازی بێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، ئەوا… بۆرییەکە پێویستی بە چاککردنەوەی گەورە هەیە”.


ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆرترین توانای بەندەری جەیهان نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، بەڵام لە ئێستادا هیچ ژێرخانێک نییە کە ببێتە هۆی گواستنەوەی کارامەی نەوت لە باشوور و بەسرە بۆ ئەم بەندەرە".


سەرەڕای گرنگی بەندەری جەیهان وەک ڕێڕەوێکی بەدیلێکی تیۆری، بەڵام واقیعی لۆجستی و تەکنیکی عێراق دەخاتە دۆخێکەوە کە ڕێگەی پێنادات دەستبەرداری گەرووی هورمز بێت. لەگەڵ بەردەوامی هەڕەشە ناوچەییەکان، ئاسایشی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە بارمتەی دەروازەی کەنداو دەمێنێتەوە و چاوەڕێی چارەسەری ستراتیژی درێژخایەن دەکات کە ڕەنگە بەم زووانە نەیەتە پێشەوە.


;