Apora Logo

ئەبو ئالا هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات

ئەبو ئالا هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات

ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتی گرووپی “سەید شوھەدا، ھەڕەشە لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت چەکدارەکانمان بۆ مەرگ ئامادەن

12/6/2025

ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتی گرووپی “سەید شوھەدا” کە یەکێکە لە میلیشیاکانی سەربە حەشدی شەعبی، ھەڕەشە لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت، چەکدارەکانمان بۆ مەرگ ئامادەن.

ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتی گرووپی “سەید شوھەدا” پەیامێکی لەبارەی ئەگەری سەرھەڵدانی شەڕ دژ بە ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەگەر شەڕ هەڵبگیرسێت ئەوە چەکدارەکانیان بۆ مەرگ ئامادەن و دەتوانن بۆ جاری دووەم ئەمریکا تووشی زەلیلی بکەن.

ڕاشیگەیاند کە بە ئەگەری ھەڵگیرسانی شەڕ، چی دیکە ئەمریکا و بریکارەکانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوونیان نامێنێت، ھەروەھا ئەو سیستەمە دەڕۆخێت کە بەرگریی لە داگیرکار دەکات.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ چوارشەممە ئاژانسی ھەواڵی ئەسۆشیەییتد پرێس بڵاویکردەوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ھۆی “ئەگەری ئاڵۆزییەک لە ناوچەکەدا” کارمەندانی ناپێویست لە باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا دەکشێنێتەوە.

ھەروەھا ئاژانسەكە ڕاشیگەیاندبوو کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کارمەندانی ناپێویستیشی لە بەحرێن و کوێت ئاگادار کردووەتەوە کە بۆیان ھەیە ئەو وڵاتانە جێ بھێڵن و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش ئامادەیی خۆی بۆ یارمەتیدانی “ھەرچەشنە کشانەوەیەک” لە بەغدا نیشان داوە.


;