وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری لە گەشتکردنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی بۆ عیراق دەدات و دەڵێت: بەهۆی تیرۆر و ململانێی چەکداری و نائارامییەوە، گەشتی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی بۆ عێراق قەدەغەکردووە.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هۆشداریی گەشت بۆ عێراق لە ئاستی چوارەمدایە، بەھۆی پەرەسەندنی گرژییەکانەوە، رێنماییشدراوە بە ھەموو کارمەندانی حکومەتی ئەمریکا ئەوانەی ناپێویستن، دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن.
بەگوێرەی هەندێ هەواڵی میدیای ئەمریكا، زۆرینەی دیپلۆماتکارانی هەردوو نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا لە بەغداد و هەولێر كشاندووەتەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی پۆلیتیکۆ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئیمەیلێکدا گوتویەتی "سەرۆک ترەمپ پابەندە بە سەلامەتی ئەمریکییەکان، چ لە ناوخۆ یان لە دەرەوەی وڵات، بە رەچاوکردنی ئەو پابەندبوونە، ئێمە بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی گونجاوی کارمەندان دەکەین لە سەرجەم باڵیۆزخانەکانمان، بە پشتبەستن بە دوایین شیکارییەکانمان، بڕیارماندا بازنەی ئەرکمان لە عێراق کەمبکەینەوە".
بەگوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکان، پیت هێگسیت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رێگەیداوە بە رۆشتنی ئارەزوومەندانەی ئەندامانی خێزانی سەربازە ئەمریکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا خولی شەشەمی دانوستانی ئەتۆمی لەنێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەڕێوەبچێت، بەڵام رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە دەڵێت، خولێکی دانوستان لەنێوان واشنتن و تاران لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئەگەرێکی دوورە.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" رایگەیاندووە، چاودێریی پەرەسەندن و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.
ترەمپ چەندین جار رایگەیاندووە، دیپلۆماسی بە باشتر دەزانێت لە کردەوەی سەربازی، بەڵام لە دیمانەیەکدا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، متمانەی کەمتری بە رێککەوتنی ئەتۆمی هەیە.