Apora Logo

دادگای فیدراڵی وادەی دانیشتنی دادگا بۆ بڕیار لە سەر مووچەی فەرمانبەران دیاری دەکات

دادگای فیدراڵی وادەی دانیشتنی دادگا بۆ بڕیار لە سەر مووچەی فەرمانبەران دیاری دەکات

دادگای باڵای فیدراڵی بەنیازە هەفتەی داهاتوو دانیشتنێک ئەنجامبدات بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسیەی ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی داوایەکی یاسایی ئەم دواییە.

11/6/2025


 

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی حوزەیرانی 2025، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ، کاروان یاروەیس ، ڕایدەگەیەنێت، دادگای باڵای فیدراڵی بەنیازە هەفتەی داهاتوو دانیشتنێک ئەنجامبدات بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسیەی ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی داوایەکی یاسایی ئەم دواییە.


یاروەیس  لە بەیاننامەیەکدا کە ماڵپەری فەرمی یەکێتی نیشتمانپەروەری کوردستان بڵاوی کردۆتەوە  ڕایگەیاندووە، "دادگای فیدراڵی هەفتەی داهاتوو دانیشتنێکی تایبەت ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی داوای یاسایی ژمارەیەک فەرمانبەری هەرێم سەبارەت بە مووچەی ڕاگیراوی فەرمانبەرانی هەرێم ". ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرۆکی دادگا لە حەج گەڕاوەتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی نیسابی یاساییەوە نەتوانرا ئەمڕۆ یان سبەی دانیشتنەکە ئەنجامبدرێت، ئەمەش لە ئەنجامی درەنگ گەڕانەوەی چوار دادوەر".


ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکشەممەی داهاتوو پشووی جەژنی غەدیرە، پێدەچێت دانیشتنەکە لە ڕۆژی دووشەممە یان سێشەممەدا بەڕێوەبچێت"، ڕوونیشیکردەوە "بڕیاری چاوەڕوانکراوی دادگا یان دەرکردنی فەرمانی سەرپەرشتیکردن یان هەڵوەشاندنەوەی داوای یاسایی فەرمانبەران دەبێت".


ئاماژەی بەوەشکرد، "دادگاکە پێشتر بڕیاری خۆی لە دۆسیەی ژمارە 224 کە لەگەڵ دۆسیەی ژمارە 269ی ساڵی 2023 یەکخراوە، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مووچە دەرکردبوو، بۆیە پێناچێت بڕیارێکی نوێ دەربکات کە پێچەوانەی بڕیارەکەی پێشوو بێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو بڕیارە چاوەڕوانکراوە ڕەنگە ببێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمەکان بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دابنیشن".


یاروەیس جەختی لەوە کردەوە کە "دەرکردنی بڕیارێکی دادوەری دادپەروەرانە دەتوانێت قەیرانەکە لە چوارچێوەی سیاسی لاببات و بیگەڕێنێتەوە بۆ ڕێبازە دەستوری و یاساییەکانی. هەروەها دەتوانێت فشارە سیاسییەکانی سەر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کەم بکاتەوە".


پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ماوەی چەند مانگێکە سەرچاوەی گرژی سیاسی بووە، دوای ئەوەی حکومەتی فیدراڵی گواستنەوەی مووچەی ڕاگرت بەهۆی ناکۆکی لەسەر داهاتی ناوخۆیی و نەوت و بەندەرەکان. پێشتریش لە ساڵی 2023 دادگای فیدراڵی بڕیارێکی دەرکرد، حکومەتی فیدراڵی پابەندی موچەی ڕاستەوخۆی فەرمانبەران بوو، ئەمەش مشتومڕێکی بەرفراوانی نێوان هەولێر و بەغدای لێکەوتەوە. ئەم هەنگاوە نوێیەی دادگا لە کاتێکدایە کە داواکارییە جەماوەرییەکان لە ناوچەکەدا بۆ پێدانی پارەی دواکەوتوو، و تۆمەتی یەکتر لە نێوان هەردوولا سەبارەت بە ڕێگریکردن لە چارەسەرەکان.


;