Apora Logo

نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا: ئەحمەد شەرع مەترسی تیرۆرکردنی لەسەرە

نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا: ئەحمەد شەرع مەترسی تیرۆرکردنی لەسەرە

تۆماس باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا ڕایگەیاند، واشنتۆن نیگەرانی خۆی هەیە سەبارەت بە سەلامەتی ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتیی سوریا.

11/6/2025


لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلمۆنیتۆر، تۆماس باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا وتی؛ کە هەوڵەکانی شەرع بۆ پێشخستنی حکومڕانی گشتگیر و پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕۆژئاوا دەتوانێت ببێتە ئامانجی تیرۆرکردنی لەلایەن گروپە توندڕەوە ناڕازییەکانەوە.


ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە سیستەمێکی پاراستن لە دەوری شەرع هەماهەنگ بکەین، دڵنیام کە بەرژەوەندییەکانمان و بەرژەوەندییەکانی شەرع وەک یەکن، و ئەو زیرەکە و متمانەی بەخۆی هەیە لەوەی دەیکات".


ئەلمۆنیتۆر ئاماژەی بەوەشکرد، باراک تیشکی خستۆتە سەر ئەو مەترسیانەی کە گروپە چەکدارە بیانییەکان لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا پەیوەندییان بە ئەحمەد شەرع کردووە، لەکاتێکدا سەرکردایەتی نوێی سوریا کاردەکات بۆ تێکەڵکردنی ئەم چەکدارانە بکات کە ئەزموونی شەڕکردنیان بەدەستهێناوە، لەناو سوپای نیشتمانیی وڵاتەکەیدا.


نوێنەری ترەمپ ڕوونیکردەوە، "هەرچەندە زیاتر بخایەنێت بۆ یارمەتیدانی ئابووری بۆ سوریا، گروپە دابەشبووەکان زیاتر دەڵێن، ئەمە دەرفەتی ئێمەیە بۆ تێکدان".


هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە پێویستی بە "هاوکارییەکی نزیک و هاوبەشی هەواڵگری لە نێوان هاوپەیمانەکانی ئەمریکا هەیە نەک دەستێوەردانی سەربازی".


باراک هەروەها ئاماژەی بە زنجیرەیەک تەحەددای بەردەم شەرع کرد، لەوانە یەکخستنی هێزە کوردییەکان لەگەڵ سوپای سوریا، یەکخستنی یەکەی شەڕکەری بیانی خۆی، و چارەسەرکردنی کەمپی دەستبەسەرکردنی فراوان لە باکوری سوریا.


گوتیشێ؛ شەرع دەبێت ڕووبەڕووی ئیسرائیلیش ببێتەوە، کە لە دوای لادانی ئەسەدەوە ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی لە سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر کردووە.


پێشتر ئەحمەد شەرع پابەندبوونی خۆی بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 1974 لەگەڵ ئیسرائیل دووپات کردەوە و ئاماژەی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد.

;