Apora Logo

ئەمریکا: لە نزیکەوە چاودێری قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەكەين

ئەمریکا: لە نزیکەوە چاودێری قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەكەين

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، داوای لە بەغدا و هەولێر دەكات، کار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکەن لە ڕێگەی دیالۆگێكی بونیادنەرەوە، دەشڵێت؛ بەردەوامبونی قەیرانەکە ڕەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر کەشی وەبەرهێنانی عێراق هەبێت.

11/6/2025

رۆژی سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کێشەی بوجەی هەرێمی کوردستان کە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆی دروست دەکرێ، ڕایگەیاند؛ ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێری قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات.


جەختیشیكرد، چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان بەغداد هەولێر دەبێت لە رێگەی گفتوگۆی بونیادنەرەوە ئەنجام بدرێت، کە هاوتەریبێت لەگەڵ بەرپرسیارێتییە دەستورییەکان.


گوتیشی؛ چارەسەرکردنی قەیرانی مووچە ئاماژەیەکی ڕوون دەنێرێت بەوەی عێراق کەشێکی لەبار بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان دەخولقێنێت، لەنێویاندا کۆمپانیا ئەمریکییەکان، سەرکەوتنیش لەم پرۆسەیەدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی هاوکاری فراوانتر لە نێوان هەردوولا، لە نمونەی، دووبارە کردنەوەی بۆری عێراق-تورکیا و فراوانکردنی پرۆسەكانی گەڕان بەدوای وزەدا.


لە 28-05-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو: "وەزارەت ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەهۆی تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."

 

رۆژی 29-05-2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بە زمانی عەرەبی وەک وەڵامێک بۆ تەیف سامی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتیەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی."

;