ئەمڕۆ دووشەممە 9ی حوزەیرانی 2025، ساڵح سەلمان ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا بۆ دەزگا فەرمییەکە ڕایگەیاندووە، حکومەتی عێراق کۆمپانیای ئێرنست ئەند یۆنگی ڕاسپاردووە بۆ داڕشتنەوەی 6-7 بانکی حکومی لە وڵاتدا، کە بریتین لە بانکی پیشەسازی، بانکی خانووبەرە، بانکی ڕافیدەین، و بانکی ڕەشید”. ئاماژەی بەوەشکرد، "بانکی بازرگانی عێراق (TBI) گرێبەستێکی جیاوازی لەگەڵ K2i و KPMG واژۆکردووە بۆ یارمەتیدانی داڕشتنەوەی کارەکانی ناوخۆ و دەرەکی بۆ ئەوەی لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بگونجێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، "بانکی ڕافیدەین کە گەورەترین دامەزراوەی حکومییە لەسەر ئاستی عێراق، دەگۆڕدرێت بۆ بانکی ڕافیدەین یەکەم، پشکی حکومەت بۆ کەمتر لە 24% کەمدەکرێتەوە، ئەو پشکانەی کە دەمێننەوە پێشکەش بە بانکە ئەهلییەکان و وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی دەکرێت". پێشبینیشی کرد، "پلانی داڕشتنەوەی نوێ تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو بکرێت و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پەسەند بکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کەرتی بانکی تایبەت چاکسازی تێدا دەکرێت دوای واژۆکردنی گرێبەستێک لەنێوان بانکی ناوەندی عێراق و ئۆلیڤەر وایمان". ڕوونیشیکردەوە، "ئەنجامی ئەم پڕۆژەیە کە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵ درێژدەبێتەوە، ڕاسپاردە دەدات بۆ ئەوەی بانکە ئەهلییەکان یان لە کەرتەکە دەربچن، یان پابەندبن بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانەوە، یان لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەدا یەکبگرن".
سەبارەت بە پارەدانی ئەلیکترۆنی، سەلمان جەختی لەوە کردەوە کە "عێراق پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە پەسەندکردنی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی، بەجۆرێک کە گشتگیری دارایی لە کەمتر لە سەدا ١٠ لە ساڵی ٢٠١٨-٢٠١٩ بۆ نزیکەی لەسەدا ٤٠ لە ئێستادا بەرزبووەتەوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ژمارەی ئامێرەکانی خاڵی فرۆشتن گەیشتووەتە ٦٠-٧٠ هەزار، لەکاتێکدا ژمارەی هەژماری بانکی بۆ ٢٢-٢٣ ملیۆن زیادیکردووە".
ڕوونیشیکردەوە، "لە مانگی تەمموزی 2025ەوە سەرجەم پارەدانەکانی حکومەت بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەدرێن، بە قەدەغەکردنی پارەدانی نەختینەیی لە ڕێگەی دامودەزگاکانی حکومەتەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد "حکومەت هەڵمەتی هۆشیاری دەستپێکردووە بۆ هاندانی خەڵک بۆ وەرگرتنی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و دوورکەوتنەوە لە کەلتوری تەقلیدی لەسەر بنەمای پارە".
جەختیشی لەوە کردەوە کە "حکومەت بەرنامەی ڕیادەی بە هاوبەشی لەگەڵ بانکی ناوەندی دەستپێکردووە بۆ دابینکردنی دارایی و ڕاهێنان بۆ کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان"، ڕوونیشیکردەوە کە "ئەم بەرنامەیە سەکۆیەکی تۆمارکردن دابین دەکات کە لەڕێگەیەوە بەشداربووان دەتوانن دەستیان بە ڕاهێنان و دەرفەتی دارایی ئەگەری بگات".
ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراق بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ وەبەرهێنانی بیانی و خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی لە هەموو کەرتەکاندا، لەوانەش یاسایی، دارایی، ژمێریاری، وردبینی، خزمەتگوزاری پابەندبوون"، ڕوونیشیکردەوە کە "چاکسازییەکانی حکومەت ئامانجیان یەکخستنی بانکە عێراقییەکانە بۆ سیستەمی دارایی جیهانی دوای چەندین دەیە لە دابڕان بەهۆی سزاکان و سەروەت و سامانی بەستوو".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، "لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ەوە، سەرجەم حەواڵە بانکییەکان لە عێراق لە ڕێگەی پلاتفۆرمی بانکی ناوەندییەوە بە هاوکاری لەگەڵ یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا پرۆسێس کراوە، ئەمەش بە نیشانەی هاتنە ناوەوەی عێراق بۆ سیستەمی دارایی جیهانییە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێستا وڵاتەکە هاوکاری نزیکەی ٣٠ بانکی بیانی دەکات".
ڕوونیشی کردەوە کە "هێشتا تەحەددیات لە کردنەوەی پەیوەندییە بانکییە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە"، جەختیشی کردەوە کە "چاکسازیی گشتگیر لە بواری بانکیدا نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی گەورە دەکات بەرەو ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و زیادبوونی بەشداریکردنی کەرتی تایبەت لە کەرتی دارایی عێراقدا".