جۆب بێڵینگهام دەیەوێت پەیوەندی بە دۆرتموندەوە بكات و یانەکەش بۆ کڕینی پێویستی 40 ملیۆن یۆرۆ وەک مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بدات.
بەرپرسانی بروسیا دۆرتمۆند ئامانجیانە جۆب بێلینگهامی برای جود بێلینگهامی ئەستێرەی ریاڵ مەدرید بگوازنەوە ریزەکانیان و سوود لە تواناکانی ببینن.
بە گوێرەی زانیارییەكانی فلۆریان پلێتنبێرگ لە تۆڕی سكای سپۆرت جۆب بێڵینگهام بڕیاریداوە پەیوەندی بە ریزەكانی یانە ئەڵمانییەکەوە بكات و رازییە بەم گرێبەستە.
سەرچاوە ئەوەی ئاشکراکردووە کە سەندەرلاند بەهیچ نرخێک دەستبەرداری ئەستێرەکەیان نابن، هەربۆیە پێویستە دۆرتمۆند 40 ملیۆن یۆرۆی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی پیشکەش بکات.
دۆرتمۆند ئامانجیانە هەمان سیناریۆی جود بێلینگهامی برای دووبارە بکەنەوە و بە نرخێکی کەم بیگوازنەوە و پاش چەند ساڵێک بە بڕە پارەیەکی باش بیفرۆشن.
بێڵینگهام لەم وەرزەدا لەگەڵ یانە ئینگلزییەکە بەشداری 43 یاریی كردووە و لەوماوەیەدا توانیویەتی چوار گۆڵ وسێ ئەسیست تۆماربکات و ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات.