موچەی مانگی پێنج هەموو وردەكاری و كارەكانی تەواو بووبوون، بەس مابوو لیستی دابەشكردنی موچە بڵاوبكرێتەوە، كتوپڕ هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا دەركەوت و ئیمزای لەسەر گرێبەستی ملیار دۆلاری نەوت و غاز كرد، وەزیرەكەی سامانە سروشتیەكانیش زۆر رون و راشكاو گوتی: عێراق هەر ئاگاداریش نیە. ئەمەش عێراقی هاركردو بڕیاری بڕینی موچەی داو جێبەجێشی كردو پارەش نانێرێت. بە كوردی و بە كورتی ئەم گرێبەستانە هۆكاری بڕینی موچەن و پێویست بەهەموو راگەیەنراوو شانامەو بالۆرەی نەتەوەیی و خۆ سوركردنەوە نیە.
ئێستا سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان (هەرچەندە سیاسەت زانستێكی زۆر گرنگ و دەوڵەمەندە!!!!)،
لە بەردەم دوو رێگادان:-
یەكەم: یان ئەوەتا عێراق بكەنە هاوبەشی ئیمزاكەیان لە گرێبەستەكان و وەك بۆڕی نەوتەكە بەبێ عێراق دەست بۆ غازو نەوت نەبەن و قەناعەت بە شیعەی عێراق و ئێران!!!! بهێنن كە بەڵێ ئەم گرێبەستانە نانی ئێران نابڕێت و دژی بەرژەوەندی شیعەی دەسەڵاتداری عێراقیش نیە!!! ئەوكات دڵنیا بن كێشەی موچە چارەسەر دەبێت و تەوقەی گەرم دەست پێدەكاتەوە.
دووەم: بە ئەمریكا بڵێن قوربان تەبعەن ئێمە دەرەقەتی عالی جەنابت نایەین، جەنابتان هاتن نەوت و غازو دۆلاری زۆرتان لە سعودیەو ئیمارات و قەتەر بردو هێشتا لە فڕۆكەكەت بووی نەگەیشتبویەوە واشنتۆن، بانگهێشتی ئێمەت كردو نەوت و غازی ئێمەشت برد، چونكە ئێمە دۆلارمان نیە، بەڵام نەوت و غازمان هەیە، ئیدارەی تڕەمپ واتە پارەی خۆت بدەو ئێمەش دەتپارێزین.
فەرمون جەنابی تڕەمپ قوربان لەسەر ئێوە عێراق موچەی بڕین، بۆیە ئێوەی ئەمریكی دەبێت بە عەمەلی بێنە ناو بابەتەكەو كێشەكەمان بۆ چارەسەر بكەن. بەڵام ئەگەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەو كۆشكی سپی گوتیان: داواكارین بە پێی دەستور هەرێمی كوردستان و بەغدا كێشەكانیان چارەسەر بكەن، ئەوا دەستی لێ بشۆو موچەو بودجە ئێوە خۆش. چاوەڕێی گەڕانەوەی پاشەكەوتی موچەو شەست رۆژ موچەیەك بن. چونكە ئەوەی پێی وایە گرێبەستەكانی نەوت و غاز بۆ بەرژەوەندی موچەخۆرو هاوڵاتیان و گەنجانی بێكارو خەڵكی بەش مەینەتە، یان گێلە یان گەندەڵە.
هەرێمی كوردستان ناتوانێت نەچێتە واشنتۆن وغازو نەوت تەسلیم نەكات و گرێبەست نەكات، بەڵام خۆ دەكرا راشكاوانە بە بالیۆزخانەی ئەمریكاو ئیدارەی كۆشكی سپی بڵێن، بەڕێزان ئێمە لاریمان نیە، بەڵام موچەی مانگانەمان لەبەردەستی عێراقە، ئەگەر ئەوان دژی بن، موچەو بودجەم نامێنێت، بۆیە ئێوە چ گرەنتی ئێمە دەكەن؟.