Apora Logo

وەزیری ئاسایشی نیشتیمانیی ئیسرائیل: کاتی ئەوە هاتووە بە هێزێکی تەواوەوە بچینە ناو غەززە

وەزیری ئاسایشی نیشتیمانیی ئیسرائیل: کاتی ئەوە هاتووە بە هێزێکی تەواوەوە بچینە ناو غەززە

وەزیری ئاسایشی نیشتیمانیی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، کاتی ئەوەیە بە "تەواوی هێزەوە" بچنە نێو غەززە، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە حەماس رایگەیاند، بە پێشنیازێکی ئەمریکا بۆ ئاگربەست رازی نەبوون.

30/5/2025

رۆژی هەینی، 30ـی ئایاری 2025، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتیمانیی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلگرام نووسی، "بەڕێز سەرۆکوەزیران، دوای ئەوەی حەماس جارێکی دیکە پێشنیازی رێککەوتنی رەتکردەوە، چیدیکە هیچ بیانیوویەک نەماوە." 

 

وەزیرە ئیسرائیلییەکە دەشڵێت، "دەبێت سەرلێشێواوی، دوودڵی و لاوازی کۆتایی پێبێت. ئێمە پێشتر چەندین دەرفەتمان لەدەستداوە. کاتی ئەوەیە بە هێزی تەواو، بێ چاوترووکاندن، بچینە ژوورەوە، بۆ لەنێوبردن و کوشتنی حەماس تاوەکو دواین کەسیان."

 

کۆشکی سپی رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، "پێشنیازێکی ئاگربەستیان پێشکەش بە حەماس کردووە کە ئیسرائیل پشتیوانی لێکردووە."

 

کارۆلین لیڤیت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی گوتی: "ئیسرائیل پێش ئەوەی ئەم پێشنیازە بۆ حەماس بنێرێت، واژۆی لەسەر کردووە،" و ئەوەشی راگەیاند کە هێشتا گفتوگۆکان لەگەڵ حەماس بەردەوامن. 

 

ئیسرائیل تاوەکو ئێستا پشتڕاستی نەکردووەتەوە ئایا پێشنیازەکەی قبووڵکردووە یان نا.

 

رۆژی پێنجشەممە باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس گوتی، پێشنیازە نوێیەکە بە واتای "بەردەوامیی کوشتن و برسێتی دێت... هیچ کام لە داواکارییەکانی گەلەکەمان جێبەجێ ناکات، لە سەرووی هەمووشیانەوە راگرتنی شەڕ."

 

ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی حەماس گوتیشی: "سەرەڕای ئەوەش، سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە بە بەرپرسیارێتیی تەواوی نیشتمانییەوە لێکۆڵینەوە لە وەڵامدانەوەی پێشنیازەکە دەکات."

 

سەرچاوەیەکی نزیک لە گرووپەکە رایگەیاند، پێشنیازە نوێکە بەراورد بە پێشنیازەکانی پێشووی ئاگربەست "بە پاشەکشە دادەنرێت"، لەبەر ئەوەی هیچ پابەندییەکی ئەمریکای بۆ گفتوگۆکردنی تایبەت بە ئاگربەستی هەمیشەیی تێدا نییە. 

 

بەگوێرەی دوو سەرچاوەی نزیک لە دانوستاندنەکان، پێشنیازە نوێیەکە ئاگربەستێکی 60 رۆژە لەخۆدەگرێت، کە ئەگەری درێژکردنەوەی هەیە بۆ 70 رۆژ، و ئازادکردنی 10 بارمتەی زیندوو و نۆ تەرم لە بەرامبەر زیندانییە فەلەستینییەکاندا لە ماوەی هەفتەی یەکەمدا.

 

بە گوتەی سەرچاوەکان، لە هەفتەکانی داهاتووشدا هەردوولا لەسەر ئازادکردنی بارمتە و زیندانییەکان رێکدەکەون. 

 

;