د. ئامانج رەحیم، سكرتێری ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بەپێی دەقی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ناكۆكی داهاتی نەوتی و نانەوتی نابێت ببێتە هۆكاری خەرجنەكردنی موچەی مانگانە، ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی مولزەمە.
دەقی نوسینەکەی د. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پەیجی تایبەتی خۆی
وەک خۆی بە بێ کۆمێنت:
ئەمەی خوارەوە وەرگێڕانی کوردی دەقی ئۆڕجناڵی بڕگەی (شەشەم)ە لە لاپەڕەی (١٥) لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (٢٢٤ و موحدتها ٢٦٩/ اتحادية/ ٢٠٢٣) لە ٢١-٢-٢٠٢٤ کە بڕیارێکی ملزمە بۆ هەموو دەسەڵاتەکان ونابێت هیچ یاسا و بڕیار ونووسراوێک پێچەوانەی ئەمە دەربچێت:
(شەشەم: ناکۆکی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم دەربارەی جێبەجێکردنی ماددەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کۆماری عێراق ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣، و بە تایبەتی هەردوو ماددەی (١٢ و ١٣)ی یاساکە، نابێت ببێتە هۆکاری سەرەکی خەرجنەکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەرێم لە کاتی دیاریکراوی خۆی.)
تێبینی:
هەردوو ماددەی ١٢ و١٣ ی یاسای بودجە پەیوەندیدارە بە داهاتی نانەوتی و پابەندیی نەوتی هەرێم، کە هەردوو حکومەت ناکۆکیان هەیە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی هەردوو ماددەکە.