ئەمڕۆ هەیینی 30ی ئایاری 2025 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە رووداوی رایگەیاند:”داوا لە بەغدا و هەولێر دەكەین ئەركە داراییە دەستوورییەكانیان جێبەجێ بكەن و كێشەكانیان لە رێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرانەوە چارەسەر بكەن.”
ئاماژەی بەوەشكردووە: “چارەسەركردنی خێرای كێشەی شایستە داراییەكان ئاماژەیەكە كە عیراق بەرژەوەندییەكانی گەلەكەی دەخاتە پێشەوە و ژینگەیەك دروست دەكات كە كۆمپانیاكان تێیدا خوازیاری وەبەرهێنان بن. هەروەها ئاماژەیەكی ئەرێنی دەبێت بۆ ئەگەری كردنەوەی بۆری نەوتی عیراق-توركیا.” وەك كەناڵی رووداو بڵاویكردووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەشڵێت:”پشتگیریی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان وەك رەگەزێكی گرنگی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ عێراق دەمێنێتەوە. ”
رۆژی 28ی ئەم مانگە، وەزارەتی دارایی عێراق بەنووسراوی فەرمی و بەواژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی، بەپاساوی تەواوبوونی تەرخانكراوی هەرێمی كوردستان لە بودجە، بڕیاریدا تەمویلكردنی مووچەی مانگی 5ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و مانگەكانی داهاتووی ئەمساڵ رابگرێت.
تەیف سامی لە نووسراوەكەیدا، باسی لەوە كردووە كە داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2023وە تا مانگی نیسانی ئەم ساڵ گەیشتووەتە 19،9 تریلیۆن دینار، بەڵام تەنیا 598،5 ملیار دیناری رادەستی حكومەتی فیدراڵی كردووە.
لەبەرامبەردا وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندووە:” ئەو رێڕەوەی وەزارەتەكەتان گرتوویەتییە بەر لە دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە كۆكراوەكان ببەستێت نەك خەرجی كردەیی.