كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە راگەیەندراوێكیدا دەڵێت: زیاتر لە 21 ملیۆن كەس تۆماری بایۆمەتریان لە سەرجەم پارێزگاكانی عیراق، بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشەوە نوێ كردۆتەوە.
لە راگەیەندراوەكەی كۆمسیۆندا ئاماژە بەوەدراوە، لە 25ی ئایارەوە تا 28ی ئایار، ژمارەی گشتی ئەو كەسانەی تۆماری بایۆمەتریان نوێ كردۆتەوە، گەیشتۆتە یەك ملیۆن و 641 هەزار و 128 كەس، هەروەها ژمارەی گشتی دەنگدەرانیش لە دوای نوێكردنەوەی بایۆمەتری گەیشتۆتە 21 ملیۆن و 24 هەزار و 66 كەس.
سەبارەت بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، كۆمسیۆن ئاشكرایكردووە، ژمارەی ئەو كەسانەی بایۆمەتریان لە پارێزگای سلێمانی نوێ كردۆتەوە گەیشتۆتە 86 هەزار و 588 كەس و بە گشتیش لەو پارێزگایە، یەك ملیۆن و 193 هەزار و 729 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، هەروەها لە پارێزگای هەولێریش 118 هەزار و 327 كەس بایۆمەتریان نوێ كردۆتەوە و یەك ملیۆن و 77 هەزار و 880 كەس بە گشتی مافی دەنگدانی هەیە، هەروەها لە پارێزگای دهۆكیش 61 هەزار و 28 كەس بایۆمەتریان نوێ كردۆتەوە و بە گشتی 776 هەزار و 266 كەس نافی دەنگدانیان لەو پارێزگایە هەیە.