Apora Logo

وەزیری ناوخۆ ماددەى هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان مەترسی لە تیرۆر کەمتر نییە

وەزیری ناوخۆ  ماددەى هۆشبەر  لە هەرێمی کوردستان مەترسی لە تیرۆر کەمتر نییە

وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند، ماددە هۆشبەرەکان بوونەتە ئاڵنگارییەکی جدی لە هەرێمی کوردستاندا و مەترسییەکانی لە تیرۆر کەمتر نییە

29/5/2025

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا لە هەولێر ڕایگەیاند، “ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، ئاڵنگارییەکی جددین و کاریگەرییەکەیان کەمتر نییە لە تیرۆر، شەڕی ئەمڕۆمان هەر لەگەڵ هەر تیرۆر و تیرۆریستان نییە؛ بەڵکو هاوکات جەنگێکی تریش هەیە کە بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانە.”

وتیشی: “لەم ساڵانەی دواییدا لەسەرتاسەری جیهاندا، ڕێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەیەکی ترسناک زیادی کردووە، بەتایبەتی لەنێو گەنجان و هەرزەکاراندا. هەروەها بازاڕی ئەم ماددانە بووەتە هۆی گەشەسەندنی دارایی بۆ دەستە تاوانکارییەکان، ئەمەش گرفتەکەی چەند بەرانبەر کردووە.”

وەزیری ناوخۆ ڕاشیگەیاند، “بەداخەوە بە هۆی ڕەوشی ناوچەکە و ناسەقامگیریی سیاسی، ئابووری و سەربازی، عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش لەم دەردە کوشندەیە بەدەر نەبوونە. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان کە کەوتووەتە ناوەڕاستی وڵاتانی بەرهەمهێنان و دروستکردنی ماددە هۆشبەرەکان، ڕێگەکانی گواستنەوە بۆ وڵاتە جۆراوجۆرەکان؛ بۆیە، هەرێمی کوردستانیش بەرکەوتەی ڕاستەوخۆی ماددە هۆشبەرەکانە.”

وتیشی: “حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیجی و بەرنامەی تۆکمە، کاری جیددی لەسەر نەهێشتن و وشکردنی سەرچاوەکانی ماددە هۆشبەرەکانی کردووە. وەزارەتە تایبەتەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش، هەماهەنگی و کاری باشیان ئەنجام داوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە، بەڵام هێشتاش پێویستی بە کاری زیاترە. لەم ڕووەشەوە، هەماهەنگیی باش و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا هەیە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پەیوەندی، هەماهەنگی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان هەیە.


;