ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە کە لایەنی ئەمریکییان ئاگادارکردووەتەوە کە ڕەنگە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی هێرشکردنە سەر ئێران بدات ، تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتنێک لە نێوان تاران و واشنتۆنیشدا بکرێت.
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل لەم مانگەدا بەنیازە هێرش بکاتە سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام ترەمپ ئەمەی ڕەتکردەوە و پێداگری لەسەر بەردەوامبوونی دانوستانەکانی لەگەڵ تاران کرد.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، "ناتانیاهۆ بە ترەمپی وتووە، کە لاوازی ئێران زۆر ناخایەنێت و کاتی گونجاوە بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەری"، هەروەها سەرۆکی ئەمریکا بە ناتانیاهۆی ڕاگەیاندووە، لاوازی ئێران دەرفەتێکە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو بەرنامەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران.
ڕۆژنامەکە سەبارەت بە نیگەرانییەکانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە ترەمپ ڕێگە بە ئێران دەدات، وەک بەشێک لە هەر ڕێککەوتنێک، شوێنی پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت .
ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، ستیڤ ویتکۆف ، نێردەی تایبەتی ئەمریکا ، لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ ئێران، دەستبەرداری ناڕەزایەتییەکانی پێشووی خۆی بووە سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی کاتی وەک چوارچێوەیەک بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، واشنتۆن لەگەڵ عومان گفتوگۆ دەکات لەسەر ئەگەری دامەزراندنی پڕۆژەیەکی هاوبەشی ناوچەیی بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بۆ ڕیاکتۆری وزەی ئەتۆمی بۆ چەند وڵاتێکی ناوچەکە، لەوانە ئێران، بە بەشداری بەشێکی ئەمریکی.