Apora Logo

ئۆلمێرت: ئیسرائیل تاوانی جەنگ لە غەززە ئەنجام دەدات

ئۆلمێرت: ئیسرائیل تاوانی جەنگ لە غەززە ئەنجام دەدات

ئیهود ئۆلمێرت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل تاوانی جەنگ لە غەززە ئەنجام دەدات،گوتیشی؛ هەزاران فەلەستینی بێتاوان دەکوژرێن، جگە لە زۆرێک لە سەربازی ئیسرائیل.

28/5/2025

لە نوسینێکیدا لە ڕۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیلیدا، 

ئیهود ئۆلمێرت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2009 نوسیویەتی "حکومەتی ئیسرائیل لە ئێستادا شەڕێک ئەنجام دەدات بەبێ ئامانج و بەبێ پلانی ڕوون و بەبێ هیچ چانسێکی سەرکەوتن".


گوتیشی؛ لە سەرەتای دامەزراندنیەوە دەوڵەتی ئیسرائیل هەرگیز شەڕێکی لەم شێوەیەی نەکردووە. ئەو باندە تاوانکارە بە سەرۆکایەتی (سەرۆک وەزیران) بنیامین ناتانیاهۆ، پێشینەیەکی بێ وێنەی لە مێژووی ئیسرائیلدا داناوە.


ناوبراو نوسیویەتی؛ ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەی غەززە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئامانجە شەرعییەکانی شەڕەوە نییە، ئێستا ئەمە شەڕێکی سیاسی تایبەتە، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی غەززە دەکاتە ناوچەیەکی کارەساتی مرۆیی.


ئاماژەی بەوەشکرد، "چیتر ناتوانم ئەوە بکەم، ئەوەی ئێمە ئێستا لە غەززە دەیکەین شەڕی لەناوچوونە، کوشتنی بێ جیاوازی و بێ کۆنترۆڵ و دڕندانە و، تاوانکاری دژی هاوڵاتیانی مەدەنی، ئەوە دەرئەنجامی سیاسەتێکی حکومەتێکی نا بەرپرسیارە.


لە کۆتاییدا دەشڵێت؛ بەڵێ ئیسرائیل تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات.


لێدوانەکانی ئۆلمێرت لەو کاتەدا مشتومڕی لێکەوتەوە، چونکە لایەنە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان قسەکانی ئیدانەیان کرد، گیدیۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئۆلمێرت تۆمەتبارکرد بەوەی "بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە هەڵمەتێکی دیبلۆماسی و شەڕی پڕوپاگەندەیی و شەڕی یاسایی دژی ئیسرائیل و سەربازەکانی کردووە".


مای جۆلان وەزیری یەکسانی کۆمەڵایەتی، ئۆلمێرتی تۆمەتبار کرد بەوەی "تف لە دەم وچاو"ی سەربازانی ئیسرائیل دەکات و دەڵێت " 58 کەسی بێتاوان لە غەززە هەن"، وەک ئاماژەیەک بە بارمتە ئیسرائیلییەکان کە لە کەرتی غەززە دەستبەسەر کراون.

;