Apora Logo

بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 50 کەس لە غەززە کوژران

بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 50 کەس لە غەززە کوژران

بەگوێرەی میدیا فەلەستینییەکان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لانیکەم 50 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون، لەوانەش دەیان کەس لە هێرشکردنە سەر قوتابخانەیەک کە ئاوارەیان تێدا نیشتەجێیە و ماڵێک لە جەبەلیە ئەلبەلاد لە باکووری کەرتی غەززە.

26/5/2025

لەم بارەیەوە مەحمود بەسەل، وتەبێژی بەرگری شارستانی غەززە بەسەل بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە: "ژمارەی کوژراوانی کۆمەڵکوژی قوتابخانەی فەهمی ئەلجەرجاوی لە گەڕەکی ئەلدەراج لە شاری غەززە لانیکەم بۆ 33 کەس بەرزبووەتەوە و جگە لە دەیان برینداری دیکەش.


لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئەو هێرشەی بۆ سەر قوتابخانەکە ئەنجامداوە، " تیرۆریستە باڵاکانی کردۆتە ئامانج کە لە ناوەندێکی فەرماندەیی حەماس و جیهادی ئیسلامیدا کاردەکەن کە دەکەوێتە ناوچەیەک کە پێشتر قوتابخانە بووە لە دەوروبەری شاری غەززە".


ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی ئایاردا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە پەرەپێدا و ڕایگەیاند، هەوڵی نەهێشتنی توانای سەربازی و ئیداریی حەماس و وەرگرتنەوەی ئەو بارمتانەی کە لە ئۆکتۆبەری 2023دا گیراون.


سەرەڕای زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی ئیسرائیل گەمارۆی سەر دابینکردنی یارمەتییە مرۆییەکان هەڵبگرێت، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند ئیسرائیل تەواوی کەرتی غەززە کۆنترۆڵ دەکات. ئیسرائیل نزیکەی لەسەدا 77ی کەرتی غەززەی کۆنترۆڵکردووە، یان لەڕێگەی هێزە زەمینیەکانییەوە یان فەرمانی چۆڵکردن و بۆردومانکردن، ئەمەش دانیشتووانەکەی لە ماڵ حاڵیان دوورخستۆتەوە.

;