ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٣، تەنها ٢٤ کاتژمێری ماوە بۆ دەستپێکردنی وەرگرتنی ناوی کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردن و پێشتر عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردبووەوە، دەستەی کۆمسیاران بڕیاریداوە لە ٢٥ی ئەم مانگەوە، لیستی کاندیدەکانی بەشداربووی هەڵبژاردنی پەرلەمان وەربگرێت و رۆژی ٢٤ی حوزەیران کۆتاییدێت.
وتیشی، هەر هاوپەیمانییەک، حزبێک یان کاندیدێکی سەربەخۆ، پێویستە لە ماوەی دیاریکراودا ناویان لە کۆمسیۆن تۆماربکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمسیۆن بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی لە رێژەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران تۆمارکردووە، بەتایبەتیش لە پارێزگاکانی بەغداد، نەینەوا و بەسرە.
هەروەها، پێشتر حوسام هیشام، نوێنەری بەشی کاروباری حزب و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی عێراق ، داوایکرد لەو لایەنانەی کە دەیانەوێت بەشداریبکەن، لەو ماوەیەی کە کۆمسیۆن دیاریی کردووە، هەوڵی تۆمارکردنی ناویان بدەن.