بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی (سانا)ی سوریا، ئەحمەد شەرع لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا، ئەسعەد ئەلشێبانی، وەزیری دەرەوە و مەرهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری یاوەری دەکەن. بڕیارە لەگەڵ هاوتا تورکیەکانیان کۆببنەوە و تاوتوێی پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات بکەن.
پێشتر ئەردۆغان داوای لە حکومەتی سوریا کردبوو کە گرنگی بە ڕێککەوتنەکەی بدات لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی کورد کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، کە مەرجی تێکەڵبوونیان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سوریادا دیاریکردووە و داوای لە دیمەشق کرد کە جێبەجێی بکات.
ئەردۆغان لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە گەشتێکی فڕۆکەوانیدا لە بوداپێستەوە، ڕایگەیاند، تورکیا، سوریا، عێراق و ئەمریکا لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ تاوتوێکردنی چارەنووسی چەکدارانی داعش لە کەمپەکانی دەستبەسەرکردن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە ساڵانێکە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بەڕێوەدەبرێن.
نووسینگەی ئەردۆغان لە زاری سەرۆککۆمارەوە بڵاویکردەوە، "لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرسی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەکەین، بەتایبەتی". "گرنگە ئیدارەی دیمەشق سەرنجی خۆی لەم بابەتە لانەدات".
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە عێراق سەرنجی لەسەر پرسی کەمپەکان بێت، بەو پێیەی زۆربەی ئەو ژن و منداڵانەی لە کەمپی ئەلهۆڵدان سوری و عێراقین و دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.