ئامادەكردنی :- چیا جەمال
مێوژ، ڕێژەیەكی زۆر لە شەكری سروشتی، گلۆكۆز و فركتۆزی تێدایە كە وزەیەكی خێرای باش دەدات بە جەستەی مرۆڤ.
هەروەها پڕە لە پێكهاتەی ریشاڵ و پۆتاسیۆم و ئاسن و كالیسیۆم و مەگنیسیۆم و ڤیتامین سی و بی، هەموو ئەمانەش بۆ چالاكی هەرس و تەندروستی ئێسك و ماسوولكە و سیستەمی بەرگریی لەش زۆر پێویست و بەسوودن.
بەشێوەیەكی گشتی سوودەكانی مێوژ پێكهاتوون لە:-
كەمكردنەوەی رێژەی هەوكردن
مێوژ ڕێژەیەكی زۆر باش لە ماددەكانی دژە هەوكردنی تێدایە و مرۆڤ لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان بەتایەت دڵ و شێرپەنجە دەپارێزێت.
تەندروستی دڵ
مێوژ هاتوچۆی خوێن لە دەمارەكان چالاك دەكات و هەوكردن و پاڵەپەستۆی خوێن و رێژەی چەوری و كۆلیسترۆل لە خوێن كەم دەكاتەوە، هەموو ئەمانەش وادەكەن مرۆڤ دوور بێت لە نەخۆشییەكانی دڵ و لە جەڵتەی دڵ و مێشك.
تەندروستی كۆئەندامی هەرس
مێوژ لە رێژەیەكی زۆری ڕیشاڵ پێكهاتووە كە دەبنە هاوكار بۆ چالاككردنی كۆئەندامی هەرس، هەروەها رێژەیەكی باشی شەكری سروشتی وەك فریكتۆز و گلۆكۆزی تێدایە كە وزەیەكی خێرا دەدەن بە مرۆڤ و كێشەكانی كۆئەندامی هەرس كەم دەكەنەوە.
تەندروستی ئێسك
مێوژ رێژەیەكی باش لە كالیسیۆمی تێدایە كە دەبێتە هۆكارێكی باش بۆ ئەوەی ئێسك بەهێز و تەندروست بێت، هەروەها ئێسك لە تێكچوون و پووكانەوە و شكان دەپارێزێت بەتایبەتیش لە بەساڵاچوواندا.
وەك كۆگایەكە بۆ ئاسنە
مێوژ سەرچاوەیەكی باشە بۆ ئاسن، ئەو مادەیەش هاوكار دەبێت بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن و گواستنەوەی ئۆكسجین بۆ جەستە، بێگومان كەمبوونەوەی ئاسن دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی رێژەی خوێن و هەستكردن بە ماندووبوون و بێ هێزی، بۆیە ئەو كەسانەی كێشەی كەمی ئاسنیان لە جەستەدا هەیە، پێشنیار دەكرێت مێوژی ڕەش بخۆن.
باشتركردنی سیستەمی بەرگری
ئەو ڤیتامین و ماددانەی لە مێوژ بوونیان هەن ڤیتامین سی و بی 6 و زینك، رۆلێكی سەرەكی دەگێڕن بۆ باشتركردنی سیستەمی بەرگریی جەستە و پاراستنی لە هەر ڤایرۆس و بەكتریا و دووربوون لە تووشبوون بە نەخۆشییەكان.
بۆ كۆرپە و دووگیانی
بۆ خانمانی دووگیان مێوژ بەسوودە و یارمەتی کۆرپەلە دەدات بە تەندروستی گەشە بکات.
جوانكردنی پێست
مێوژ کاریگەری لەسەر جوانی پێست هەیە، چونکە توندی دەکاتەوە و هەروەها ساف و گەشاوە دەری دەخات.
ئارەزووی جنسی
مێوژ یارمەتیدەرە بۆ ئەو کەسانەی ئارەزووی جنسییان لاوازە، خواردنی وزەیەکی باش بە مرۆڤ دەبەخشێت.
بەهێزكردنی مێشك و یادەوەری
ڕۆژانە چەند دانەیەك خواردنی مێوژی دەبێتەهۆی بەهێزکردنی یادگای مێشک و چالاککردنی خانەكانی مێشك.