بەپێی ڕاپۆرتێکی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا، دەزگای هەواڵگری بەرگری کە بەشێکە لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، شیکارییەکانی وەک بەشێک لە هەڵسەنگاندنی هەڕەشە جیهانییەکانی ساڵی ٢٠٢٥ پێشکەش کرد ، کە کۆمەڵێک تەحەدای ئەمنی بەرفراوانی کۆریای باکوور، چین ، ڕووسیا، ئێران و ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانی دیکەی گرتەوە.
ئەم هەڵسەنگاندنە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە پەرەسەندنی هەڕەشە ئەتۆمییەکان و موشەکی بالیستیکییەکانی کۆریای باکوور و هاوپەیمانی سەربازییەکەی لەگەڵ ڕووسیا لەسەر بنەمای پەیماننامەی "هاوبەشیی ستراتیژی گشتگیر" کە هەردوو وڵات لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا واژۆیان کردبوو، پەرەسەندنی نیگەرانییەکانە.
ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپی کۆریای باشوور لە زاری ڕاپۆرتێکی دەزگای هەواڵگری بەرگرییەوە بڵاویکردەوە، " کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور زیاتر متمانەی بە شەرعیەتی سیاسی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ڕژێمی وڵاتەکەی هەبووە".
ئاماژەی بەوەشکرد ، کۆریای باکور لە بەهێزترین پێگەی ستراتیژی خۆیدایە لە ماوەی دەیان ساڵدا، خاوەنی ئامرازە سەربازییەکانە بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دروست بکات و لە هەمان کاتدا بەردەوامە لە باشترکردنی توانای خۆی بۆ هەڕەشەکردن لە نیشتمانی ئەمریکا.