بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 24ی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "پێشوازی لە بڕیارەکەی حکومەتی ئەمریکا دەکات بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە ساڵانێکە بەسەر سوریا و گەلەکەیدا سەپێنراوە، کە مەرجی دەرکردنی لێخۆشبوون لە سزا ناچارییەکان بەپێی یاسای قەیسەر و دەرکردنی مۆڵەتی گشتی ژمارە 25 سەبارەت بە سوریا دیاریکردووە".
وەزارەتەکە بڕیارەکەی بە "هەنگاوێکی ئەرێنی بە ئاراستەیەکی دروست، بۆ کەمکردنەوەی ئازارە مرۆیی و ئابوورییەکانی وڵات" زانیوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "سوریا دەستی درێژدەکاتەوە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت هاوکاری بکەن لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆدا".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، سوریا "پێی وایە گفتوگۆ و دیپلۆماسی باشترین ڕێگایە بۆ بنیاتنانی پەیوەندی هاوسەنگ کە بەرژەوەندی گەلان بەدیبهێنێت و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەرز بکاتەوە".
هەروەها سوریا "پێزانینی خۆی بۆ هەموو ئەو وڵات و دامەزراوە و گەلانە دەربڕی کە لە تەنیشتی وەستاون و دووپاتی دەکاتەوە قۆناغی داهاتوو قۆناغێک دەبێت لە بنیاتنانەوەی ئەوەی کە لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە لەناوچووبوو و گەڕاندنەوەی پێگەی سروشتی سوریا لە ناوچەکە و جیهاندا".
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی بڕیارێکی دەستبەجێی دەرکرد بۆ سووککردنی بەرچاوی سزاکانی سەر سوریا، جگە لە هەندێک ئیستسنای.