ئاڵوگۆڕی دیلەكانی نێوان مۆسكۆ و كیێڤ كۆتایی هات و سەرۆكی ئەمەریكاش پیرۆزبایی لە هەردو وڵاتەكە دەكات.
ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵدا بڵاویكردوەتەوە، كۆتاییان بە ئاڵوگۆڕێکی گەورەی زیندانییەکانی نێوان روسیا و ئۆکرانیا هێناوە، نوسیویەتی: بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی سەركەوتنی ئەو دانوستانە لە مۆسكۆ و كیێڤ دەكات.
راشیگەیاندوە: دوای كۆتایی هاتنی ئاڵوگۆڕی دیلەكانی جەنگی ئۆكرانیا، دانوستان دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی شتێکی گرنگ؟
پێشتر و لە میانەی دانوستانەکانی ئەم مانگە لە ئیستەنبوڵ روسیا و ئۆكرانیا لەسەر ئاڵوگۆڕی هەزار دیلی جەنگی ئۆكرانیا لە هەر لایەکەوە رێككەوتن، كە لە دوای دەستپێكردنی جەنگەكە لە مانگی (شوباتی 2022)ـوە چەندینجار ئاڵوگۆڕیان ئەنجامداوە.
دوای ئەوەی ئەمەریكا و ئیتاڵیا و ڤاتیكان پێشنیازی دانوستانی نوێیان بۆ روسیا و ئۆكرانیا كردوە لە ڤاتیكان كۆببنەوە، ئەمڕۆ هەینی، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا وتی: بەگومانە كە ڤاتیکان بۆ دانوستانی ئاشتی شیاوبێت و شارەكە ئامادەبێت میوانداری ئەو جۆرە دانوستانانە بکات.