ناڕەزایەتی جەماوەری لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە سەریهەڵدا و داوایان دەکرد حەماس لە گۆڕەپانی سیاسی بکشێتەوە و ڕێککەوتنی ئاگربەست واژۆ بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل دەست دەکات بە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی لە زەوی و مەترسی برسێتی بەسەر خاکی گەمارۆدراودا بڵاودەبێتەوە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا سایتی العەرەبیە دایناوە (لینکی ڤیدیۆکان )، خۆپیشاندەران بەناو خێمە و داروپەردووی خەڵکی ئاوارەکاندا دەڕۆن، داوا دەکەن سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس شەڕ و ئاوارەبوون ڕابگرێت.
هەروەها دروشمی "دەمانەوێت بژین، دەمانەوێت بژین... بژێوی ژیانمان دەستناکەوێت" و "خەڵکی غەززە بۆ کوێ دەچن؟ شەڕ و ئاوارەبوون بوەستێنن".
ئەم ناڕەزایەتیانە لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی دووشەممە هۆشداری دا لە مەترسییەکانی برسێتی لە کەرتی غەززە کە "دوو ملیۆن کەس لە برسێتی دەمرن".
تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس لە کردنەوەی کۆبوونەوەی ساڵانەی وڵاتانی ئەندام لە جنێڤ لە غەززە وتی: مەترسییەکانی برسێتی لە غەززە لە زیادبووندایە بەهۆی ڕێگریکردن لە یارمەتییە مرۆییەکان بە ئەنقەست، لە کاتێکدا "تەنێک خۆراک لە سنوورەکاندا گیربووە کە تەنها چەند خولەکێک لێیەوە دوورە".
ئیسرائیل لە 2ی ئازارەوە ڕێگری لە هەموو هاوکارییەک کردووە بۆ چوونە ناو غەززە، بە ئامانجی فشارخستنە سەر حەماس لە دانوستانەکاندا و ناچارکردنی هەموو بارمتە ماوەکان ئازاد بکات، بەبێ ئەوەی پابەندبوونی ڕوون بە ئاگربەستی تەواوەتی هەبێت.
ئەمە یەکەمجار نییە خۆپیشاندانی توڕەیی دژی بزووتنەوەی فەلەستین سەرهەڵبدات. پێشتر هەزاران خۆپیشاندەری غەززە بە توڕەییەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و خوازیاری کۆتاییهێنان بەو شەڕە بوون کە زیاتر لە ١٥ مانگە بەردەوامە و ڕۆیشتنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس کە تەنها وێرانکاری زیاتریان لێکەوتەوە.
نزیکەی ساڵ و نیوێکە خەڵکی غەززە لەژێر قورسایی شەڕێکی وێرانکەری ئیسرائیلدا دەژین کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا سەریهەڵدا، ئەمەش دوای هێرشی حەماس بۆ سەر نیشتەجێبوون و بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە، ژمارەی کوژراوان لە غەززە گەیشتووەتە زیاتر لە ٥٣ هەزار کەس، ئەمەش بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، لە نێویاندا لانیکەم ٣ هەزار و ٣٤٠ کەس گیانیان لەدەستداوە لەو کاتەوەی ئیسرائیل لە ١٨ی ئازار دەستی بە هێرشەکانی کردووەتەوە.
هەروەها شەڕەکە وێرانکارییەکی گەورەی بەجێهێشت و برسێتی لە هەندێک ناوچەدا بڵاوبووەوە بەهۆی کەمی خۆراک و یارمەتییە پزیشکییەکان.