لە بەیاننامەیەکدا کە نووسینگەی بایدن بڵاویکردۆتەوە هاتوو، سەرۆکی 82 ساڵانی دیموکراتەکان جۆ بایدن تووشی شێرپەنجەی 'پرۆستات' بووە. هەروەها "ئەم جۆرە شێرپەنجەیە، هەرچەندە شەڕانگێزترە، بەڵام پێدەچێت هەستیار بێت بەرامبەر بە چارەسەری هۆرمۆن، ئەمەش ڕێگە بە بەڕێوەبردنی کاریگەر دەدات".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بایدن و خێزانەکەی "بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی پزیشکی بژاردەی چارەسەری بەردەست دەکۆڵنەوە"، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر سەبارەت بە پلانەکانی چارەسەرکردن یان هێڵی کاتی پێشبینیکراو بخەنەڕوو.
لە کاردانەوەیەکی سەرنجڕاکێشدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، "خەمباری" خۆی بە هەواڵی نەخۆشییەکەی سەرۆکەکەی پێش خۆی دەربڕی و لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی "تروت سۆشیال" ڕایگەیاند: "من و میلانیا دڵگرانین بە بیستنی دەستنیشانکردنی نەخۆشییە پزیشکییەکانی ئەم دواییەی جۆ بایدن. گەرمترین و باشترین هیوای خۆمان ئاڕاستەی جیل و خێزانەکەی دەکەین، هیوای چاکبوونەوەی خێرا و سەرکەوتووانە بۆ جۆ دەخوازین".
لای خۆیەوە، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی بایدن لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس وتی: "جۆ شەڕکەرێکە، دەزانم بە هەمان هێز و خۆڕاگری و گەشبینییەوە ڕووبەڕووی ئەم تەحەدایە دەبێتەوە کە هەمیشە ژیان و سەرکردایەتییەکەی پێناسە کردووە. ئێمە گەشبینین بە چاکبوونەوەی تەواو و خێرا".
شێرپەنجەی پرۆستات باوترین جۆری شێرپەنجەیە لەنێو پیاواندا، نزیکەی لەسەدا 15ی هەموو ئەو شێرپەنجانە پێکدەهێنێت کە تووشی پیاوان دەبن لە سەرانسەری جیهاندا. توندییەکەی بەپێی قۆناغی دەستنیشانکردن و ڕادەی بڵاوبوونەوەی خانە شێرپەنجەییەکان لە سەرانسەری جەستەدا دەگۆڕێت.