نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەرشیفی فەرمی سوریا کە پەیوەندی بە سیخوڕ ئێلی کۆهینەوە هەیە، بۆ ئیسرائیل گواستراوەتەوە.
نووسینگەکە بەناوی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد"، ڕایگەیاندووە، "لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی و ئاڵۆزدا بە هاوکاری هاوبەشێکی هەواڵگری ستراتیژی، ئەرشیفی فەرمی سوریای پەیوەندیدار بە ئێلی کۆهین گواسترایەوە بۆ ئیسرائیل ".
ئەرشیفەکە نزیکەی 2500 بەڵگەنامەی ئەسڵی و وێنە و شتومەکی کەسی لەخۆدەگرێت، کە زۆربەیان بۆ یەکەمجار ئاشکرا دەکرێن.
بەپێی نووسینگەکە، ئەرشیفەکە بریتییە لە "تۆمارکردن، فایلەکانی لێکۆڵینەوە، نامە دەستنووسەکانی کۆهین بۆ خێزانەکەی لە ئیسرائیل ، وێنەکانی چالاکییە هەواڵگرییەکەی لە سوریا، و ئەو شتانەی لە ماڵەکەیەوە وەرگیراون کە دوای دەستگیرکردنی دەستی بەسەردا گیراوە".
نووسینگەی نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەنێو ئەو شتانەی دەستیان بەسەردا گیراوە "کلیلی شوقەکەی لە دیمەشق و پاسپۆرتی ساختە و وێنەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی و حکومی سوریا. هەروەها لە ڕۆژنامەکانیدا وردەکاری ئەرکە نهێنییەکانی مۆساد بۆی دانراوە، لەنێویاندا چاودێریکردنی ئامانجەکان و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر بنکە سەربازییەکانی سوریا لە "قونەیترە" ، جگە لە بڕیاری سەرەتایی دادگا کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە".
ڕاگەیاندنی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە یادی 60 ساڵەی لەسێدارەدانی سیخوڕ کۆهین بوو کە لە 18ی ئایاری 1965 ئەنجامدرا.
ناتانیاهۆ ئیلی کۆهینی بە "گەورەترین سیخوڕی مێژووی دەوڵەتەکە وەسف کردووە، کە بەشداری لە سەرکەوتنی مێژوویی لە شەڕی شەش ڕۆژەدا (جەنگی حوزەیرانی ١٩٦٧) کردووە".
لای خۆیەوە، دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد ڕایگەیاند، هێنانەوەی ئەرشیفەکە "هەنگاوێکی نوێیە لە هەوڵەکانمان بۆ دیاریکردنی شوێنی ناشتنی ئێلی کۆهین . ئێمە بەردەوام دەبین لە هەموو هەوڵێک بۆ دیاریکردن و گەڕاندنەوەی ونبووەکان، زیندووەکان بۆ چاکسازی، و کەوتووەکان بۆ ناشتن".