Apora Logo

ئیسرائیل بڕیاریدا ڕێگە بە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە بدات

ئیسرائیل بڕیاریدا ڕێگە بە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە بدات

ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بڕیاریدا، هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە لە ڕێگەی کەناڵەکانی ئێستاوە دەستپێبکاتەوە، تا جێبەجێکردنی میکانیزمێکی نوێی دیکە.

19/5/2025

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕێگە بە بڕێک پێداویستی خۆراک دەدات بچێتە ناو غەززە، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی زەمینی لە غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.


نووسینگەی نەتانیاهۆ ڕایگەیاندووە کە "ئیسرائیل ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی بڕێکی سەرەتایی خۆراک دەدات بۆ دانیشتووان بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی قەیرانی برسێتی لە کەرتی غەززە خراپتر نەبێت".


ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، بە ڕێگەدان بە گەیاندنی بڕێک هاوکاری بۆ ناو کەرتی غەززە، ئیسرائیل دەتوانێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نوێیەکەی فراوانتر بکات، کە ڕۆژی شەممە دەستیپێکرد. هەرچەندە ڕووننەبووەتەوە کە کەی و چۆن هاوکارییەکان دەچنە ناو غەززە. 


ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل کاردەکات بۆ ئەوەی بزووتنەوەی حەماس کۆنترۆڵی دابەشکردنی هاوکارییەکان نەکات و هاوکارییەکان نەگاتە دەستی چەکدارەکانی.


لای خۆیەوە ماڵپەری هەواڵی ئیسرائیلی "وای نێت" بڵاویکردەوە، ئیتمار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی داوای دەنگدانی کابینەی ئەمنیی لەسەر بڕیاری هێنانی هاوکاری بۆ کەرتی غەززە کرد، بەڵام داواکەی ڕەتکرایەوە. ماڵپەڕەکە لە زاری ئەو وەزیرانەی کە بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە ڕایگەیاندووە، بڕیاری ڕێگەدان بە هاوکارییەکان بۆ ناو غەززە "لەژێر فشاری ئەمریکادا دراوە". ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بڵاویکردەوە، بڕیاری دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکان بەبێ دەنگدان دراوە، وەزیری دارایی بێزالیل سمۆتریچ و وەزیرەکانی دیکەش دژایەتی دەکەن.


ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ کام لەو زیندانیانەی لە غەززە دەستبەسەرکراون لە بەرامبەر دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکان ئازاد ناکرێن.

;